ئەمریکا و ئەوروپییەکان ئێران بە پلاندانان بۆ چالاکی تێکدەرانە تۆمەتبار دەکەن

ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و 19 وڵاتی دیکە، ئەو هەوڵانەیان سەرکۆنە کرد کە بە پلاندانان بۆ کردەوەی تیرۆر و چالاکی تێکدەرانە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە لە ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا ئەنجام دەدرێن یاخود هەوڵی جێبەجێ کردنیان دەدرێت.

چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، کەنەدا، نەمسا، بەلجیکا، سوید و ئوسترالیا واژۆیان کردووە هاتووە، ئەم چالاکییانە لەلایەن رێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە رێکدەخرێن.

ئەو 22 وڵاتە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە، رۆژنامەنووسان، و ناوەند و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بە بوونی پەیوەندییەکی درێژخایەن لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و گروپە تاوانکارییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانانەی دایانڕشتووە، هەروەها بەکارهێنانی ئەم گروپانەی لەلایەن تارانەوە بە "کارێکی رەتکراوە و شەرمەزارکەر" وەسف کردووە.

هاوکات ئەو 22 وڵاتە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەشیان کرد کە کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژنامەنووسانی ئێرانی لە ئەورووپا، کە گروپێک بە ناوی "حەرەکەی ئەسحابول یەمینی ئیسلامی" بە پاڵپشتی ناوەندە وابەستەکانی ئێران بەرپرسیارێتییەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

حکوومەتەکان لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە، هەوڵدان بۆ کوشتن، رفاندن، یان ترساندن لەسەر خاکەکەیان، پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری نیشتمانی و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە و داوایان لە تاران کردووە دەستبەجێ ئەم چالاکییانە رابگرێت.

لە کۆتاییدا، ئەو وڵاتانە بڕیاری خۆیان بۆ گرتنەبەری رێکاری زیادە بۆ رێگریکردن لەم هەڕەشانە دووپات کردەوە و دەستخۆشییان لە هەوڵە ئەمنییەکانی ئێستا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.