یاسای کۆچبەری ئەمریکا کێشەی بۆ مۆندیال دروستکردووە

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد پێداچوونەوەیەکی وورد بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆچبەری بکات، ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە تەنیا چەند رۆژێکی کەم بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی جامی جیهانی ماوە و گرژییەکان سەبارەت بەم پرسە زیادیان کردووە.

چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، فۆڵکەر تورک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە جنێڤ رایگەیاند، هیوادارم  پێداچوونەوەیەکی وورد بۆ ئەوە بکرێت کە چۆن جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆچبەری کار دەکەنە سەر مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ". هاوکات داوای کرد دووبارە سەیری ئەو سیاسەتانە بکرێتەوە کە بە گوتەی ئەو ئێستا بەسەر ئەمریکادا زاڵن.

ئەم بابەتە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)ی خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە، فیفا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەوان دەستوەردان لە رێکارەکانی کۆچبەری وڵاتی میوانداردا ناکەن، بە پێدانی ڤیزەشەوە.

یەکێک لە دیارترین کێشەکان کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، رێگریکردن بوو لە عومەر عەرتن، ناوبژیوانی سۆماڵی، کاتێک گەیشتە شاری میامی، دواتر فیفا ناوبراوی لە لیستەکە دوورخستەوە، عەرتن بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند، گەورەترین خەونی ژیانی تێکشکاوە، هاکوات حکوومەتی سۆماڵ بەرگری لە ناوبژیوانەکەی کرد، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری رەتکردنەوەکەی بۆ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی گوماناوی بە گروپە تیرۆریستییەکان گەڕاندەوە.

هەروەها شاندی هەڵبژاردەی عێراقیش رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە؛ ئەیمەن حسێنی هێرشبەری هەڵبژاردەکە بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ دەستبەسەر کرا، هەروەها رێگری لە هاتنە ناوەوەی وێنەگری فەرمی هەڵبژاردەکە کرا سەرەڕای ئەوەی ڤیزەی پێبوو.

لەلایەکی دیکەوە، بریل ئیمبۆلۆی هێرشبەری سویسرا دواجار ڤیزەی وەرگرت دوای ئەوەی بەهۆی کێشەیەکی یاسایی پێشووەوە ڤیزەکەی دواکەوتبوو.

سەبارەت بە هەڵبژاردەی ئێران، یاریزانان و ستافی تەکنیکی ڤیزەیان وەرگرتووە، بەڵام داواکاری ژمارەیەک لە یاوەرەکانیان رەتکرایەوە، کە یەکێکیان مەهدی تاجی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانە، لەمبارەیەوە گوتەبێژی فیدراسیۆنی ئێران، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە پشکی تکتی هاندەرانی ئێرانی لە مۆندیالدا کێشاوەتەوە، بڕیارە هەڵبژاردەی ئێران لە 14ـی حوزەیران بە گەشتێکی تایبەت بەرەو لۆس ئەنجلس بەڕێبکەوێت بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاری بەرانبەر نیوزیلەندا.