ئامانج رەحیم: کێشەی مووچە و نەوت بەرەو چارەسەر دەچن

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەکانی مووچە و نەوت لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەرەوە چارەسەرکردن دەڕۆن، ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بۆ گفتوگۆی کۆتایی سەردانی بەغدا دەکات. 

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای رێککەوتنی سێلایەنە، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 220 بۆ 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاستی پێشتری بەرهەمهێنان، ئەمەش بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی بۆ عێراق.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران رونی کردەوە، بەغدا بەڵێنی داوە پارێزگاری لە سێکتەری نەوت و وزەی هەرێم بکات و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.

لەبارەی دۆسیەی مووچە و دارایی، ئامانج رەحیم ئاشکرای کرد، سێ بابەتی سەرەکی کە بریتین لە (دۆسیەی نەوت، وردبینی دارایی و داهاتە نانەوتییەکان) بەرەو چارەسەرکردن دەچن، راشیگەیاند هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتانە.

ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە مووچە چیتر نەبێتە هەواڵی میدیاکان و بە شێوەیەکی رێکوپێک دابەش بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لە کاتی خۆیدا و هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، یەکەم ئەزموونی سەرکەوتووی جێگیرکردنی مووچە بووە و هەوڵ دەدرێت ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.