سپایدەرمانە یەمەنییەکە مرد
گەنجێکی یەمەنی بە ناوی قەعقاع ناسراو بە "سپایدەرمانە یەمەنییەکە" لەکاتی سەرکێشییەک کەوتە ناو چاڵێک و گیانی لەدەست دا، تاوەکوو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
قەعقاع گەنجێکی یەمەنی بوو و بە سەرکێشییەکانی بۆ سەرکەوتن بەسەر دیوار و شاخە سەختەکاندا ناسرابوو. سەرکێشییەکانی ملیۆنان بینەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. کۆتا سەرکێشی بۆی بە مەرگ کۆتایی هات و لە باشووری پارێزگای زاڵع کەوتە ناو چاڵێکی گڕکانییەوە.
سپایدەرمانە یەمەنییەکە هیچ کەرەستەیەکی خۆپارێزی و خۆبەستنەوەی لە سەرکێشییەکانیدا بەکارنەدەهێنا، ئەمەش لە کۆتاییدا سەری خوارد.
رووداوەکە لە کاتێکدا رووی دا، قەعقاع دەیویست بەسەر لێواری چاڵە گڕکانییەکەدا سەربکەوێت. تاوەکوو ئێستاش نەتوانراوە تەرمەکەی دەربهێندرێت و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن.
یەکێک لە سەرچاوەکانی داهاتی ئەم گەنجە بریتی بوو لە نووسینی ناوی کەسەکان لەسەر شوێنە سەختەکان و وەرگرتنی پارە بەرانبەر ئەو کارە.
چاڵە گڕکانییەکەی دەمت یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە دیارەکانی ناوچەکە و قووڵییەکەی دەگاتە زیاتر لە 120 مەتر، هەروەها لە بنی چاڵەکەدا ئاوی گۆگردیی زۆر گەرم هەیە. دەزگای بەرگریی شارستانیی یەمەن روونیشی کردەوە، تیمی تایبەتی مەلەوانی و فریاگوزارییان رەوانەی شوێنەکە کردووە، بەڵام بەهۆی سەختیی شوێنەکە و بەرزیی پلەی گەرمیی ئاوەکەوە، پرۆسەی دەرهێنانی تەرمەکە رووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بووەتەوە.
قەعقاع بەهۆی هەژاری و خراپیی دۆخی ئابوورییەوە، ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانە و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران.