ژمارەیەک پڕۆژە لە سەنتەری شاری سلێمانی جێبەجێ دەکرێن

شارەوانیی سلێمانی بە تەرخانکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار، دەستی بە جێبەجێکردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی کردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی شەقامەکان و ئاسانکاری بۆ شۆفێران لە ناو سلێمانی.

ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژانە چوونەتە قۆناخی جێبەجێکردن و دیارترینیان یەکتربڕی شەهید شەوکەتی حاجی موشیرە، کە بە گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. شارەوانی دەیەوێت پڕۆژەکە بە زووترین کات بخاتە خزمەتی شۆفێرانەوە.

گوتیشی: ئەندەرپاسی شەقامی سالم بە گوژمەی 7 ملیار و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. ئەو پڕۆژەیە هاتوچۆ لە نێوان شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و سەهۆڵەکەدا ئاسایی دەکاتەوە و لۆدی سەر رێگەکە کەمدەکاتەوە.

هەروەها شارەوانیی سلێمانی بەردی بناخەی یەکتربڕی گۆیژەی بە گوژمەی 17 ملیار دینار و یەکتربڕی قەرەتۆغانی بە گوژمەی 15 ملیار دینار داناوە. ئەو دوو پڕۆژەیە سەنتەری شار بە شەقامی 100 مەتری دەبەستنەوە.

ئەم پڕۆژانە لە کاتێکدان، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی تایبەت بە رێگاوبان و سێ پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەکانی دەرەوەی سلێمانی جێبەجێ دەکرێن. بەشێک لەو پڕۆژانە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێن.