چوار بانکی ئێران رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوونەوە

دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، چوار بانکی سەرەکی وڵاتەکەیان رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ژمارەیەک لە خزمەتگوزارییە بانکییە ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام جەختیان کردەوە، هیچ دزەکردنێکی زانیارییە بانکییەکان تۆمار نەکراوە.

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، بانکەکانی "میللی"، "سادیرات"، "تیجارەت" و "گەشەپێدانی هەناردە" لە کاتژمێرە یەکەمەکانی بەیانی رۆژی شەممەوە تووشی کێشەی تەکنیکی بوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، کێشەکە کاریگەری کردووەتە سەر ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل و هەندێک خزمەتگوزاری دیکەی ئەلیکترۆنی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ کڕیارەکان لە ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکانیاندا.

سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، بانکەکان پەیامی کورتیان بۆ کڕیارەکانیان ناردووە بۆ داوای لێبووردن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ دۆخی ئاسایی لە زووترین کاتدا.

بەپێی سەرچاوەکان لە بانکی ناوەندی ئێران، پەککەوتنەکە بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە بووە کە ژێرخانی هەندێک لە بانکەکانی کردووەتە ئامانج، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هیچ نیشانەیەکی دزەکردنی زانیارییەکان یان هاککردنی بنکەدراوەکانی تێدا نییە.

لە پێناو پاراستنی پرۆسە داراییەکان، بانکی ناوەندی کۆمەڵێک رێکاری بەپەلەی گرتووەتە بەر بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پرۆسەی سپاردن و گواستنەوەی پارە و رایگەیاند،  پارەی ئەو کەسانەی پێشتر هەژماری یەدەگیان هەبووە تا کۆتایی ئەمرۆ دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، هەروەها خاوەن دوکان و کۆمپانیاکانیش دەتوانن شایستە داراییەکانیان لە رێگەی هەژمارە یەدەگەکانەوە وەربگرن بۆ ئەوەی کاروبارە بازرگانییەکانیان پەککەوتە نەبێت.

دەسەڵاتە داراییەکان جەختیان کردەوە کە چاودێریکردنی سیستمە بانکییەکان و ژێرخانە دیجیتاڵییەکان بەردەوامە، و تیمەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی تەواوەتی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیابوون لە سەقامگیری سیستمە ئەلیکترۆنییەکان لە وڵاتدا.