لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 38 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 کۆتایی هاتووە و 38,088 قوتابی لە سنووری پارێزگاکە لە ناو 649 هۆڵدا تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن 38,088 قوتابی لە سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئەنجام دەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە لە ناو 649 هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەڕێوەدەچێت و هەفتانە 2 تاقیکردنەوە لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە بەڕێوە دەچن.
پارێزگاری هەولێر رۆڵی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان و هەولێری بەرز نرخاند و رایگەیاند، سەرەڕای ئەو ئاستەنگییانەی لە ساڵی خوێندنی 2025-2026 هەبوون، بەڵام توانراوە نەک تەنیا رێگری لە پاشەکشە بکرێت، بەڵکو ئاستی خوێندن بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێرەوە، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، بەڕێوەبەرەکان و سەرجەم مامۆستایان و کارمەندان کرد کە رۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنی پرۆسەی پەروەردەدا هەبووە.
سەبارەت بە لایەنی ئەمنی و پاراستنی پاکی تاقیکردنەوەکان، ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە کە رێکاری توند لە دەوروبەری هۆڵەکان گیراوەتە بەر و لە هەر شوێنێک پێویست بکات لێژنەی ئەمنی جێگیر کراون. گوتیشی: "ئەو رێکارانەی گیراونەتە بەر ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرفتەکان و بنبڕکردنی دیاردەی گزی کردنە. وەک چۆن لە ساڵانی رابردوو رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و باندەکانی گزی کردن دەستگیر کراون، ئەمساڵیش هەموو هەوڵێک دەدرێت پرۆسەکە بە پاکی و بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت".
ئەمرۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، بە بەشداریی 117 هەزار و 142 قوتابی، تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی، لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.