سعوودیە ٢١ کۆمپانیای عومرەی سزادا
وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە، بەهۆی کەمتەرخەمی و سەرپێچیکردنی رێنماییەکان، بڕیاری راگرتنی بۆ 21 کۆمپانیای گەشتیاریی عومرە دەرکرد.
وەزارەتی حەج و عومرەی عەرەبستانی سعوودیە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییە پێشوەختەکان بۆ وەرزی نوێی عومرە و بە مەبەستی زامنکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان، 21 کۆمپانیای عومرەیان لە کارکردن ڕاگرتووە. ئەم بڕیارەش دوای هەڵسەنگاندنی وردی ئەدای کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە لە وەرزی رابردوودا هاتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، 15 کۆمپانیا بەهۆی دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکانیان و بەدەستنەهێنانی نمرەی پێویست لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندندا راگیراون، هەروەها شەش کۆمپانیای دیکەش بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچیی یاسایی و پێشێلکردنی ئەو ڕێنماییانەی کە بۆ خزمەتکردنی عومرەکاران دیاریکراون، سزا دراون.
وەزارەتی حەج و عومرە جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمی هەڵسەنگاندنی ئەوان پشت بە پێوەرە کارگێڕی و چاودێرییەکان دەبەستێت. ئامانج لەم توندوتۆڵییەش دروستکردنی کێبڕکێی تەندروستە لەنێوان کۆمپانیاکان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری، کە ئەمەش بەشێکە لە ئامانجەکانی "دیدگای 2030"ی سعوودیە بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام و شایستە بۆ عومرەکاران و سەردانیکەرانی مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ).
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی حەج و عومرە هۆشداریی داوە کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک ناکەن کە زیان بە مافی "میوانانی خودا" بگەیەنێت و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن.