تورکیا.. هۆشداری لە ئاسایشی خۆراک دەدرێت

سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ژوورە کشتوکاڵییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک پێویستە پارێزگاری لە خاک بکرێت و ئاماژەی بەوەش کرد، لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەویی کشتوکاڵی لە تورکیا لەدەست چوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، شەمسی بایراکتار، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ژوورە کشتوکاڵییەکانی تورکیا، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "جەژنی خاک" هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی کەمبوونەوەی زەوییە بەپیتەکان و رایگەیاند "بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، شارنشینی بێبەرنامە، پیشەسازی و وەبەرهێنان لە ژێرخانەکاندا، زەوییە کشتوکاڵییەکان ساڵ لەدوای ساڵ کەمدەکەنەوە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی تورکیا لە 27 ملیۆن هێکتارەوە بۆ 24 ملیۆن هێکتار دابەزیوە." واتە لەو ماوەیەدا سێ ملیۆن هێکتار زەوی لە کەرتی کشتوکاڵ چوونەتە دەرەوە.

سەرۆکی گشتیی یەکێتیی ژوورە کشتوکاڵییەکان ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە فراوانبوونی شارەکان، "داخورانی خاک" گەیشتووەتە ئاستی قەیران. 

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، شەمسی بایراکتار چەند پێشنیارێکی خستە ڕوو:

1-  پێویستە پەیڕەوی ئەو شێوازە کشتوکاڵییانە بکرێت کە ماددەی ئۆرگانی لە خاکدا زیاد دەکەن و کەمتر خاکەکە هەڵدەگێڕنەوە.
2-  بەکارهێنانی تەکنیکی زیرەکی وەک (دڵۆپە و ڕشاندن) بۆ رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو و سوێربوونی خاک.
3-  پێویستە زەوییە بەپیتەکان، باخی میوە و زەیتوونەکان بە وردی بپارێزرێن و پڕۆژە پیشەسازی و نیشتەجێبوونەکان بۆ ئەو ناوچانە بگوازرێنەوە کە توانای کشتوکاڵییان کەمە.
4-  خێراکردنی پرۆسەی یەکخستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.