خەلیفان؛ زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، سبەی دووشەممە قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات و لەم قۆناخەشدا 600 فەرمانبەر لە سنووری قەزای خەلیفان پارچە زەوی وەردەگرن.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، خەسرۆ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە 500 فەرمانبەر لە قەزای رواندز سوودمەند بوون، بڕیارە سبەی دووشەممە 15ـی حوزەیرانی، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی خەلیفان ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە پلانەکانی داهاتوو، خەسرۆ سادق رایگەیاند، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا هاوشێوەی فەرمانبەرانی رواندز و خەلیفان سوودمەند دەبن، ئاشکراشی کرد، بە ئەگەری زۆرەوە لە قۆناخی سێیەمدا فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی چۆمان زەوی وەردەگرن و دواتریش پرۆسەکە قەزای سیدەکان، ناحیەی قەسرێ، حاجی ئۆمەران و تەواوی ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی 45 هەزار فەرمانبەر لە 5 قەزا و 15 ناحیەدا مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 فەرمانبەر زەوییان پێدراوە و لە داهاتووشدا سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو سنوورە بە وەرگرتنی پارچە زەوییەک سوودمەند دەبن.