دڵنیاییەکی نوێ لە بەغداوە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەم مانگە دووپات کردەوە و رایگەیاند: کە چاوەڕێی ناردنی داهاتی نانەوتی ناکات و پرۆسەکە هاوشێوەی مانگی رابردوو بەبێ گرفت جێبەجێ دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا چەند بڕیارێک دران، کە یەکێکیان تایبەت بوو بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "کوردستان24"، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە: کە بۆ ئەم مانگەش، هاوشێوەی مانگی رابردوو، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و پرۆسەکە بەهۆی چاوەڕوانکردنی ناردنی داهاتی نانەوتی راناگرێت.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، فالح ساری جارێکی دیکە دڵنیایی دایەوە لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و داوای لە حکوومەتی هەرێم کرد تەنیا خێرا بن لە ناردنی لیستی ناوی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت مووچەی هەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراقدا دابەش بکات.