نەوزاد شێخ کامیل: زیاتر لە 14 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە دەستپێکردنی پڕۆسەکە، بڕی زیاتر لە 14 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان کراوە.
دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سایلۆکانی هەرێمی کوردستان و توانای هەڵگرتنی یەک ملیۆن تۆن گەنمیان هەیە، هەروەها لە پرۆسەی وەرگتنی گەنمی ئەمساڵیشدا تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 14 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، دابەشبوونی بڕی گەنمی وەرگیراو بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە:
1- لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕی 4 هەزار و 504 تۆن و 440 کیلۆ گەنم رادەستی سایلۆکان کراوە.
2- لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە سەرجەم سایلۆکان بڕی 5 هەزار و 818 تۆن و 80 کیلۆ گەنم وەرگیراوە.
3- لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 3 هەزار و 840 تۆن و 540 کیلۆ گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەو پشکەی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دیاری کراوە، کە بڕی 400 هەزار تۆنە، بە تەواوی وەردەگیرێت، جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری تەواونەبوونی وەرگرتنی پشکەکە لە کاتی دیاریکراودا، داوای درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتن لە بەغدا دەکەن.