شارەوانی و قایمقامیەتی هەولێر: هەرچی بەنزینی سەر شەقامەکانە دەستی بەسەردا دەگرین
لەگەڵ گرانبوونی نرخی بەنزینی بازرگانی، دیاردەی فرۆشتنی بەنزین لەناو دەبە و جلیکان لەسەر بەشێک لە شەقامەکانی هەولێر سەریهەڵداوە. بەرپرسانی شارەکە هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە سووتەمەنییە کوالێتی نزمە و زیانێکی زۆر بە ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەنزینانە کردووە.
ماوەیەکە لەسەر شەقامەکانی هەولێر، بەنزین لەناو دەبەی پلاستیکی و جلیکاندا بە نرخێکی هەرزانتر لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەم بەنزینە لە "نەفتاو" دروست دەکرێت و لە پشکنینە تاقیگەییەکان دەرناچێت. سەرەڕای خراپی کوالێتییەکەی، هەندێک لە شۆفێران بەهۆی هەرزانییەکەیەوە تێی دەکەن، بەڵام دواتر رووبەڕووی تێچوویەکی زۆری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەبنەوە.
لەو بارەیەوە، یەکێک لە بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقام دەڵێت: "بەنزینەکە لە نەفتاو دروست دەکرێت و لە فەحس دەرناچێت، بەڵام خەڵک هەیە بەهۆی هەرزانییەکەیەوە دەیبات."
لێژنەکانی قایمقامیەت و شارەوانی هەولێر رایانگەیاندووە؛ فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. لیژنەکان راسپێردراون لە هەر شوێنێک ئەو دیاردەیە ببینن، دەستبەجێ دەست بەسەر بەنزینەکە و ئەو ئامرازانەشدا بگرن کە بۆ فرۆشتنی بەکاردێن.
بۆتان مەجید، شۆفێرێکە کە زیانی بەرکەوتووە و دەڵێت: "دوای ئەوەی بەنزینی سەر شەقامم تێکرد، ئۆتۆمبێلەکەم کێشەی بۆ دروست بوو، کە بردمە لای وەستا گوتی تەنیا ئاوی تێدایە و هیچی دیکە نییە."
هەروەها سەلام محەمەد، شۆفێرێکی دیکەیە و ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: "داوا لە شۆفێران دەکەم تەنیا بەنزینی حکوومی تێبکەن، چونکە کوالێتی باشە و لەژێر چاودێری حکوومەتدایە و هیچ کێشەیەک بۆ ئۆتۆمبێل دروست ناکات."
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر شۆفێران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 1,800,000 (ملیۆنێک و 800 هەزار) لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار لە تەواوی هەرێم دابەش دەکات. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێژەی دابینکردنی ئەم بەنزینە زیاد بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا.