%80ـی کارەکانی رێگای سێمێل-سێجێ تەواو بوون

پڕۆژەی دووسایدی سێمێل بۆ سێجێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی دهۆک، درێژی ئەم رێگایە نۆ کیلۆمەترە و بەم شێوەیە دەبێتە دەروازەیەکی نوێی هاتوچۆ لە نێوان دهۆک، سێمێل و زاخۆدا، زیانەکانی قەرەباڵغی هاتوچۆش کەم دەکاتەوە. کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامە و رێژەی جێبەجێکردنی کارەکانی 80%ی تێپەڕاندووە.

ئەم پڕۆژە مۆدێرنە خزمەتگوزارییەکانی ئاوەڕۆی سندووقی، رۆناکی، سەوزایی و چەندین پردی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. 

محەمەد ساڵح، ئەندازیاری سەرپەرشتیار ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە لە کۆمەڵێک یەکتربڕ، پرد و تۆڕی ئاوەڕۆ پێکهاتووە. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای نۆرس لایت بە ماوەی دوو ساڵ جێبەجێ دەکرێت و ماوەی 18 مانگە کارکردن تێیدا بێوچان بەردەوامە.

شەعبان سەلیم، نوێنەری کۆمپانیای نۆرس لایت روونیشی کردەوە، لە ئێستادا لە قۆناغی بونیادنانی پردەکانداین و نزیکەی 300 کارمەند و کرێکار لە پڕۆژەکەدا بەردەوام کار دەکەن. ئەم رێگایە تەنیا بۆ سێمێل گرنگ نییە، بەڵکوو خزمەتێکی گەورە بە گواستنەوەی کشتوکاڵی و بازرگانی ناوچەکە دەکات.

کەریم سەبری، موختاری گوندی سێجێ ئاماژەی بەوە دا، خەڵکی ناوچەکە زیاتر لە 44 ساڵ چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەم کارەن. ئەو گوندە نزیکەی 200 خێزانی مەسیحی تێدا دەژیت و بە تەواوبوونی رێگاکە، سوودمەندی سەرەکی دەبن. 

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای دهۆک بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی بژێوی باشتر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.