ترەمپ: ئەوانەی پێیان وایە لەگەڵ ئێراندا توند نەبووم، یان حەسۆدن یان کەمئەقڵن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: AFP)
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا (وێنە: AFP)

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رەخنەگرانی سەبارەت بە سیاسەتەکانی بەرانبەر ئێران، رایگەیاند، بازاڕی پشکەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و نرخی نەوتیش دابەزیوە.

دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پەیامێکی بڵاوکردەوە و هێرشی توندی کردە سەر ئەو لایەنانەی پێیان وایە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لاواز بووە. 

سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی: "ئەو گەمژانەی پێیان وایە بەرانبەر ئێران بە تەواوی توند نەبووم، لە کاتێکدا بازاڕی پشکەکان تازە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی و نرخی نەوتیش بە خێرایی دادەبەزێت، ئەوانە یان حەسۆدن، یان کەسانی خراپن، یان گەمژەن."

پەیامەکەی ترەمپ راستەوخۆ دوای ئاساییبوونەوەی نرخی وزە و بەرزبوونەوەی پشکە بازرگانییەکان دێت، ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ ئەو باڵە توندڕەوانەی ناوخۆی ئەمریکا پێیان وایە دەبوو واشنتن سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە بری ئەوەی نەرمی بنوێنێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی قەتەر رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.