دیاسپۆرای کوردستان پەیامی ریفراندۆم دەگەیەنێتە پەرلەمانی چوار وڵاتی ئەوروپا

کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 9 ساڵ بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی فراوانی لە 4 وڵاتی ئەوروپا رێکخست و پەیامە فەرمییەکانی خۆی ئاراستەی نوێنەرانی پەرلەمانی سوید، ئەڵمانیا، فینلاند و نەرویج کرد.

ئەم چالاکییانە کە هەینی رابردوو بەڕێوەچوون، لە چوارچێوەی هەوڵی رێکخراوەکانی دیاسپۆرای کورد بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەی دۆسیەی ریفراندۆم و گەیاندنی داواکارییە سیاسییەکانیان بە دامەزراوە پەرلەمانی و ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەوروپا بوون.

لە ستۆکهۆڵم، شاندێکی باڵای کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان بە سەرۆکایەتی ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی جێبەجێکار و چالاکوانان، لە دەرەوەی پەرلەمانی سوید گردبوونەوەیەکی سیاسی و دیپلۆماسییان ساز کرد. شاندەکە لەوێ بەیاننامەیەکی فەرمییان رادەستی نوێنەران و گرووپە پەرلەمانییەکانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کرد.

بەیاننامەکە جەخت لەسەر مافە رەوا و دیموکراسییەکانی گەلی کورد دەکاتەوە و داوای پشتیوانیی زیاتری بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لەناو دامەزراوە بڕیاردەرەکانی ئەورووپا و جیهاندا دەکات. جێگەی ئاماژەیە، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلولی 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدرا و بەگوێرەی داتاکان زیاتر لە 92%ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە.

لە ئەڵمانیا، شاندێکی کۆمەڵگەی کوردی پەیامێکی فەرمیی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستانیان گەیاندە پەرلەمانی دوسلدۆرف. شاندەکە لەلایەن بەرپرسانی پەرلەمانەوە پێشوازییان لێکرا و رەهەندە مێژوویی، مرۆیی و سیاسییەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان خستەڕوو.

پەیامەکە ئاماژەی بە ئازار و قوربانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە، لەوانەش شاڵاوەکانی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان. هەروەها رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی هاووڵاتییاندا بەرز نرخێندراوە.

لە فینلاند، شاندێکی هاوبەشی نووسینگەی ناوەندیی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان و لقی فینلاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی پەرلەمانی فینلاندیان کرد. شاندەکە داواکارییەکانی خۆیان رادەستی لاورا مێریلا، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی چەپ و سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی گەلی فینلاند-کوردستان لە پەرلەمانی فینلاند کرد.

لەو کۆبوونەوەیەی بینای پەرلەمان لە هێلسینکی، شاندەکە داوایان لە یاسادانەرانی فینلاند کرد پشتیوانی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بکەن. ئەوان جەختیان لەسەر رۆڵی سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی لە پێشبردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم کردەوە و پیرۆزبایی ساڵیادەکەیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی کوردستان کرد.

لە نەرویج، نوێنەرانی کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان و فیدراسیۆنی لاوان، سەردانی پەرلەمانی نەرویجیان لە ئۆسلۆ کرد. شاندەکە پەیامی فەرمیی خۆیان رادەستی فرۆدێ یاکۆبسن، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار و بەرپرسی پارتەکە لە ئۆسلۆ کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکان، یاکۆبسن بەڵێنیدا پەیام و داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بە ئەندامانی گشتیی پەرلەمانی نەرویج بگەیەنێت. کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانەکان و دامەزراوە بڕیاردەرەکانی ئەورووپا.