واشنتن کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هێنا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سەرجەم گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران هەڵگیراون و چیدیکە رێگری لە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ناو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە ناکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە پێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم ئەو گەمارۆ و سنووردارکردنانەی لەسەر هاتووچۆی دەریایی بۆ بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران هەبوون، هەڵگیران.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمریکا چیدیکە ڕێگری لەو کەشتییانە ناکەن کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن، چ لە کەنداو و چ لە کەنداوی عومان، هەروەها جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی راگیراون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای هەڵگرتنی گەمارۆکە، کەشتییە جەنگییە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. ئامانج لە مانەوەی ئەو کەشتییانە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە پابەندی بڕگەکان دەبن و بە هێز و کاریگەریی تەواوەوە گوێڕایەڵی بڕیارەکان دەبن.