مۆندیال بۆ كەناڵەكەی دۆناڵد ترەمپ بووەتە خێروبەرەكەت
مۆندیالی 2026 بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریكی بووەتە خێروبەرەکەت، تەنیا لەو چەند خولەکەی یارییەکان بۆ ئاوخواردنەوە و پشوودانی یاریزانەکان رادەگیرێن، ئەم کەناڵە ئەمریکییە چارەکێک ملیار دۆلاری دەست دەکەوێت.
لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بەبێ گوێدانە کەشوهەوا، لە سەرجەم یارییەکان لە هەر گێمێک بۆ ماوەی سێ خولەک لە ناوەڕاستی هەر گێمێک یارییەکان رادەگیرێن، کەناڵی فۆکس نیوز وەستانی یارییەکانی کردووەتە دەرفەتێکی بازرگانی بۆ کۆکردنەوەی داهات و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی لە هەر 104 یارییەکەی مۆندیال داهاتی ریکلامی بازرگانی تەنیا لە کەناڵی فۆکس نیوز 250 ملیۆن دۆلار بێت.
کەناڵی فۆکس نیوز کە مافی پەخشی یارییەکانی جامی جیهانی لەم مۆندیالە لە ئەمریکا کڕیوەتەوە، لە ریکلامی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان داهاتی فۆکس نیوز 200 هەزار دۆلار دەبێت و داهاتی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەمریکاش لەو وەستانی یارییانە دەگاتە 750 هەزار دۆلار.
فۆکس نیوز کە کەناڵی دۆناڵد ترەمپە، لەم مۆندیالە هێندە باڵادەستە، دەگوترێت لە یاریی کردنەوە لەبەر ئەوەی هێشتا ریکلامەکانی تەواو نەببوو، لە ماوەی وەستانی یەکێک لە گێمەکان، ناوبژیوانی یارییەکە درەنگتر دەستی بە یاریی کردبووەوە، بەڵام هێشتا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
مۆندیالی 2026 بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بە بەشداریی 48 هەڵبژاردەی جیهان لە لایەن وڵاتانی ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك میوانداریی دەكرێت.