ئێران: رێگە بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەدرێت کە داواکاری پێشکەش دەکەن
دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، رێکاری نوێی بۆ ئەو کەشتییانە راگەیاند کە دەیانەوێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، تیایدا هاتووە پێویستە داواکاری پێشوەختە پێشکەش بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ماوەی 60 رۆژ هیچ باجێک وەرناگیرێت.
هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە راگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەر بنەمای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد و رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا دەدرێت لە ماوەی راگەیەندراودا، بەو مەرجەی داواکاری تێپەڕبوون بەپێی رێکار و پێداویستییە دیاریکراوەکان پێشکەش بکرێت".
لە بەیاننامەکەدا کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، هاتووە: "پێویستە داواکارییەکان لانیکەم 48 کاتژمێر پێش تێپەڕبوون پێشکەش بکرێن"، هەروەها جەختی کردووەتەوە، سەیری ئەو داواکارییانە ناکرێت کە لە رێگەی کەناڵە نافەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
دەستەکە لە کۆتاییدا رایگەیاندووە، ئەو کەشتییانەی مەرجەکانیان تێدایە و داواکاری تێپەڕبوون بە رەچاوکردنی رێسا پێویستەکان دەنێرن، دەتوانن لە ماوەی دیاریکراودا بە گەرووەکەدا تێپەڕن و ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ماوەی 60 رۆژ هیچ باجێک لە کەشتییەکان وەرناگیرێت.