وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین گەمارۆی سەر تایوانی توندتر کردووە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ لە راپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکاتو هێزی دەریایی چین ئامادەیی خۆی لە دەوروبەری تایوان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووەو ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی بەیژینگدا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر دوورگەکەدا لە رێگەی جێگیرکردنی بەردەوامی کەشتییە جەنگییەکان لە چوار لای دوورگەکەدا.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکانی ناوچەکە کە بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵیان راگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە کۆمەڵێک کەشتی جەنگی چینی کە مووشەکی ئاڕاستەکراو و وێرانکاری تێدایە، لە دەوروبەری تایوان جێگیر کراون، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەم جووڵانە تەنها نمایشێکی سەربازی کاتی نین، بەڵکو لە ساڵی 2026ـدا بوونەتە بارودۆخێکی راستەقینەی رۆژانە کە دووبارە دەبنەوە.
لە سەرەتای ئەم دەساڵەوە، چین گوشارە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر تایوان چڕتر کردووەتەوە، گۆڕانکارییەکە بەو شێوەیەیە کە لە ساڵی 2020 تەنها یەک کەشتی جەنگی چینی لە گەرووی تایوان دەبینرا، بەڵام لە ساڵی 2022ـدا ژمارەکە بۆ 4 کەشتی زیادی کرد و ئێستاش بەردەوام 5 بۆ 6 کەشتی جەنگی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە دەوروبەری دوورگەکەدا جێگیرن.
شیکەرەوە سەربازییەکان ئەم جووڵانە وەک توندکردنی گەمارۆیەکی پلەبەندی وەسف دەکەن، ئەم ئۆپەراسیۆنە رۆژانەیەی بەیژینگ رێگە بە چین دەدەن زانیاری ورد لەسەر شێوازی جووڵە، پەیوەندی و ئامادەیی هێزەکانی تایوان کۆبکاتەوە، کە ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی پێکدادانی سەربازی لە داهاتوودا دەبینرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم دۆخە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکانی تایوان، چونکە ناچارن بەردەوام چاودێری کەشتییە چینییەکان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووبوونی تیمەکان و تێکچوونی خشتەی چاککردنەوەی کەشتییەکان، هەروەها پسپۆڕان رایدەگەیەنن کە ئەم چالاکییانەی چین رەنگە لە داهاتوودا کارکردنی هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا قورستر بکات ئەگەر بێت و بەرگری لە تایوان بکەن.
راپۆرتە ئەمنییەکان جەخت دەکەنەوە، ساڵی 2020 خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە چالاکییەکانی بەیژینگ، بە تایبەت دوای ئەوەی چین ساڵی 2027ـی وەک وادەیەک دیاری کرد بۆ ئەوەی سوپاکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدا بێت بۆ ئەگەری بەکارهێنانی هێز دژی دوورگەکە.