بەقایی: رێککەوتنی کۆتایی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی پێنج خاڵی سەرەکییەوە
ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەستپێکردنی دانوستانە کۆتاییەکان لەگەڵ ئەمریکا، مەرجدارە بە جێبەجێکردنی پێنج خاڵی دیاریکراو لەو لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی پڕۆسەی گفتوگۆکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەردانەی کە بڕیار بوو رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت، بەهۆی واژۆکردنی دیجیتاڵیی لێکتێگەیشتنەکە لە لایەن سەرۆکی هەردوو وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوە و چیتر لە رووی جێبەجێکردنەوە پێویستییەکی بەپەلە نەبووە.
بەقایی روونی کردەوە، بەپێی خاڵی 13ـی لێکتێگەیشتنەکە، دەستپێکردنی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، تەنها بە مەرجی دەستپێکردن و بەردەوامبوونی لایەنی بەرامبەرە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەپێی خاڵەکانی (1، 4، 5، 10 و 11)، هاوکات جەختی کردەوە خاڵی یەکەم، کە بریتییە لە "کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان و لەوانەش لە لوبنان"، کۆڵەکەی سەرەکی پابەندییە هاوبەشەکانە.
بەقایی رەخنەی توندی لە لایەنی بەرامبەر گرت و رایگەیاند، لە کاتێکدا پێویست بوو ئەوان ئیسرائیل ناچار بکەن بە راگرتنی جەنگ لە لوبنان، بەڵام لەو بوارەدا کەمتەرخەم بوون، ئەمەش وەک "پێشێلکارییەکی روون" وەسف کرد، هەروەها گوتیشی: "هەرچەندە ئێران رێوشوێنی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز گرتووەتە بەر، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە پاکێجێکی یەکگرتووە و پێشێلکردنی خاڵی یەکەم بە واتای خستنەژێر پرسیاری تەواوی رێککەوتنەکە دێت".
سەبارەت بە گەشتی شاندی ئێرانی بۆ سویسرا، بەقایی ئاشکرای کرد، ئامانجی ئەم گەشتە تەنها دیاریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەرە، ئەو دووپاتی کردەوە کە لۆژیکی سیاسەتی دەرەوەی تاران روونە، "پابەندی بەرامبەر و هەنگاو بەرامبەر هەنگاو".
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداری دا، ئەگەر لایەنی بەرامبەر لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پاشەکشە بکات یان رێگری دروست بکات، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشت بەستن بە تواناکانی، رێوشوێنی هاوشێوە و توند دەگرێتە بەر کە دەبێتە هۆی پەشیمانی لایەنی بەرامبەر.