گەڕی یەکەمی دانوستانی چوارقۆڵی کۆتاییهات
ئەمڕۆ لە وڵاتی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان شاندەکانی ئێران، ئەمریکا، قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی، کۆبوونەوەکە راگیرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە ئاژانسی فارسی رایگەیاند "کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە دوای 80 خولەک لە گفتوگۆکردن، بە مەبەستی راوێژی ناوخۆیی شاندەکان، کارەکانی هەڵپەسێردرا."
کۆبوونەوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل "بێرگنستۆک" لە سویسرا لەژێر ناوی "کۆبوونەوەی دەریاچەی لوسێرن" دەستیپێکرد.
هەروەها تەلەڤزیۆنی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووتەوە، لە میانی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی بێرگنستۆک، هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئەنجام نەدراوە.
باسی لەوەش کردووە، کۆبوونەوەکەی سویسرا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 13ـی یاداشتی لێکتێگەیشتن کردووەتەوە، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بە دۆسیەکە.
سەرچاوەیەک بە کەناڵی عربییەی گوتوووە، پاش ماوەیەکی دیکە کۆبوونەوەکە دەستپێدەکاتەوە.
ئەمەشی راگەیاندووە، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا، تیشکی خستووەتە سەر دۆسیەی لوبنان و جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا، گفتوگۆ دەربارەی دۆسیەی کۆگای ئەتۆمیی ئێران کراوە.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، لەو کۆبوونەوەیەدا تیشک خراوەتە سەر چەند پرسێکی هەستیار و ناوچەیی، کە گرنگترینیان دۆخی لوبنان و ئاسایشی گەرووی هورمز بووە.
لەلایەکی دیکەوە تەسنیم رایگەیاندووە: شاندی ئێران بیر لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ دەکەنەوە.
شاندی دانوستانکاری ئێران لەلایەن محەمەد باقر قالیباف سەرۆکایەتی دەکرێت، لە بەرامبەریشدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
هەروەها وەک نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتن؛ هەریەک لە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکانیان دەکەن لەو گفتوگۆیانەدا.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، گەشبینی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا." هاوكات هیوای خواست دانوستانەکان ئەنجامی زۆر باشی لێبکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە دۆناڵد ترەمپ، داوای لە شاندی دانوستانکار کردووە "لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی ئێراندا بکەنەوە."
ڤانس گوتیشی: "ئێستا ئێمە داهاتوویەکی هاوبەش دەبینین کە تێیدا هەمووان دەتوانن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و گەشەسەندن کار بکەن."
ئەم گفتوگۆیانە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە هاوینەهەوارێکی شاخاوی دوورەدەست لە سویسرا بەڕێوەدەچن و، تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کاتی کە هەفتەی رابردوو واژۆ کراوە.