ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی روفاتی ئەنفالکراوان دەگەڕێندرێنەوە خاکی کوردستان

دوای دەیان ساڵ دووریی لە خاکی کوردستان و مانەوەیان لە بیابانەکان، کاروانێکی دیکەی رووفاتی پیرۆزی قوربانییانی ئەنفال، ئەمڕۆ بەرەو ئامێزی نیشتمان دەگەڕێندرێنەوە کە لە رووفاتی 153 ئەنفالکراو پێکهاتووە.

دامەزراوەی شەهیدان و پزیشکی دادی ئامادەکاری بۆ رادەستکردنی 153 رووفاتی ئەنفال بە هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و دۆزینەوەی ڕوفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنکراوانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدان، بە هاوکاریی پزیشکی دادیی، ئامادەکارییان بۆ رادەستکردنی کاروانێکی دیکەی رووفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت، کە ژمارەیان 153 رووفاتە.

سەرجەمی 153 رووفاتەکە لە ژن و منداڵ پێکهاتوون کە قوربانیی پڕۆسەکانی ئەنفالن و لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە شەهید کراون.

سەرجەم ئەو رووفاتانە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بە مەبەستی گواستنەوە و ناشتنی کاتیی.

رووفاتەکان پێشتر لەلایەن تیمەکانی گەڕان و پشکنین لە یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزرابوونەوە، کە ئەو شوێنانە تایبەت بوون بە قوربانییانی شاڵاوی ئەنفال کە لەلایەن رژێمی پێشوو هێرشیان کرابووە سەر.

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە رێڕەوی نیشتمانی و مرۆیی بەردەوام بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانییانی ئەنفال، بەڵگەهێنانەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراون و پاراستنی رووفاتەکانیان و رێزگرتن لە شکۆیان، تا تەواوکردنی رێکارە زانستییەکان و پشکنینە تایبەتەکان بۆ ناسینەوەیان، بەجۆرێک کە بتوانرێت رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە و بەپێی بنەماکان بە شێوەیەکی کۆتایی بنێژرێن.