ناتانیاهۆ: رێگری لە چەکی ئەتۆمی ئێران ئامانجێکی پیرۆزە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پابەندە بە رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ژێر هەر بارودۆخێکدا و ئەمەی وەک ئامانجێکی پیرۆزی خۆی ناوبرد.
یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گوتی: "بەبێ گوێدانە هەر پەرەسەندنێکی سیاسی، رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تا ئەو کاتەی من سەرۆکوەزیران بم، ئەوە روونادات." جەختیشی کردەوە، ژیانی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە تەرخان کردووە.
سەبارەت بە دۆخی سنوورەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان لە ناوچەی دابڕێنەری باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دانیشتووانی باکووری وڵاتەکەی پێویست بێت، گوتیشی: "ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و دەستبەرداریان نابین".
هاوکات، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان هیچ بەربەستێکیان لەبەردەمدا نییە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکان و لەو ناوچە ئەمنییەدا دەمێننەوە کە لە باشووری لوبنان دروستیان کردووە، لە لایەکی دیکەوە، ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئاگربەستەکەی لوبنانی بە لەرزۆک ناوبرد و رایگەیاند، سوپا لە چالاکییە سەربازییەکانی بەردەوامە.
ئەم لێدوانە توندانەی بەرپرسانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا دەستیپێکردووە و مەترسی ئەوە هەیە پەرەسەندنە سەربازییەکانی لوبنان کاریگەری نەرێنی لەسەر تێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دروست بکەن.