نرخی نەوت دابەزی و بازاڕی پشکەکان بەرزبوونەوە

دوای بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی سەر نەوتی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز، نرخی نەوتی خاوی برێنت نزیکەی 4 دۆلار پاشەکشەی کرد، لە بەرامبەردا بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بەهۆی گەشبینی بە دانوستانەکان گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.

دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی دوایین ئامارەکانی بازاڕی وزە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە 80 دۆلارەوە بۆ 77 دۆلار و 30 سەنت دابەزی. ئەم پاشەکشەیە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی 60 رۆژەی بە ئێران دا بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت، ئەوەش لە بەرامبەر رەزامەندی تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

هاوکات، لێدوانە گەشبینانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دانوستانەکانی سویسرا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕی پشکەکانی جیهان دروست کرد. پشکەکانی "داو جۆنس" بە رێژەی 0.4% و پێوەری "ئێس ئاند پی 500" بە رێژەی 0.1% بەرزبوونەوەیان تێدا تۆمارکرا.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بازرگانییەکاندا، ترسی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزەیرڕەواندووەتەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی نەوت و سەقامگیربوونی بازاڕە داراییەکانی وۆڵ ستریت.