بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین لە چوار ساڵی رابردوو باشترە
بارانبارین بەرهەمی هەنگوینی کوردستانی زیاد کردووە
دوای چوار ساڵ لە کەمبوونەوەی بەرهەم بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەنگەوانان هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ زۆریی رێژەی بارانبارین و لەباربوونی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، بێستون تەیفور، هەنگەوان، ئاماژەی بەوە دا، لە چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی هەنگوین زۆر کەم بوو، بەڵام ئەمساڵ رەوشەکە بەتەواوی گۆڕاوە و بەرهەمێکی زۆرتر و باشتر لە ئارادایە.
هەروەها روونی کردەوە، فرەجۆریی گوڵ و رووەکەکان لەمساڵدا هۆکار بووە هەنگەکان شیلەی جۆراوجۆر کۆ بکەنەوە، ئەمەش جۆرایەتیی هەنگوینەکەی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست و گەشەی پورەکانی هەنگیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، عوسمان مەجید، شارەزای بواری پەروەردەکردنی هەنگ، باسی لەوە کرد، وشکەساڵی گەیشتبووە ئاستێک هەنگەوانان توانای بەڕێوەبردنی کارەکانیانیان لەدەست دابوو، چونکە سەرچاوەکانی ئاو وشکیان کردبوو.
ئەو شارەزایە دڵخۆشیی خۆی دەردەبڕێت بەوەی ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆر و بوژانەوەی سەرچاوەکانی ئاو، رێژەیەکی زۆر باشتر لە هەنگوین بەرهەم هاتووە.
لە درێژەی قسەکانیدا، عوسمان مەجید داوا لە حکوومەت و هاووڵاتییان دەکات پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بکەن، چونکە ئەو هەنگوینەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت زۆربەی ساختەیە و زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت.
هەروەها پێشنیاز دەکات پێشانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ هەنگوینی کوردستان بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەمساڵ جۆرایەتییەکەی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و دەتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بکات.