شێف بوراک لقێکی چێشتخانەکەی لە هەولێر دەکاتەوە

هەولێری پایتەخت دەبێتە وێستگەیەکی نوێی براندە جیهانییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە بەم نزیکانە چێشتخانەی شێف بوراک، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین براندەکانی بواری خواردن لە جیهاندا، بە فەرمی لە پڕۆژەی "ئەربیل ئەڤینو" بکرێتەوە.

رووکردنی براند و ناوە بەناوبانگە جیهانییەکان بۆ هەولێری پایتەخت بەردەوامە. لە نوێترین هەنگاویشدا، چێشتخانەی شێف بوراک ئامادەکارییەکان بۆ دەستبەکاربوون لە هەولێر تەواو دەکات. شێف بوراک، کە خاوەنی 11 چێشتخانەیە لە 10 وڵاتی جیاواز و زیاتر لە 100 ملیۆن فۆڵۆوەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، پایتەختی هەرێمی کوردستانی وەک شوێنێکی نوێی کارەکانی هەڵبژاردووە.

ئێستا لە ناو چێشتخانەکەدا کارەکان بە خێرایی بەڕێوە دەچن و دواین تێستەکان بۆ کوالێتی خواردنەکان ئەنجام دەدرێن. شێف محەمەد، کە ماوەی 16 ساڵە هاوکاری نزیکی شێف بوراکە و سەرپەرشتی کردنەوەی زۆربەی لقەکانی ئەو شێفەی لە جیهاندا کردووە، لە هەولێر چاودێریی وردی ئامادەکارییەکان دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی کردنەوە فەرمییەکەدا، کە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی دەکەن، بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن.

ئەم پڕۆژەیە تەنیا کردنەوەی چێشتخانەیەک نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژی پڕۆژەی "ئەربیل ئەڤینو" بۆ هێنانی براندە نێودەوڵەتییەکان. عەلی کامەران، گوتەبێژی ئەربیل ئەڤینو، ئاماژە بەوە دەدات کە هێنانی براندە گەورەکان دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و بووژاندنەوەی کەرتی ئابووریی ناوچەکە.

کردنەوەی لقێکی شێف بوراک لە هەولێر، پێگەی پایتەخت وەک ناوەندێکی گەشتیاری و وەبەرهێنان بەهێزتر دەکات. شارەزایان پێیان وایە هەبوونی ئەم جۆرە براندانە متمانە بە ژینگەی وەبەرهێنان لە کوردستان زیاد دەکات و هەنگاوێکی گرنگە بۆ رەخساندنی هەلی کار و گۆڕینی هەولێر بۆ قیبلەیەکی سەرەکیی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.