قائانی: دەبێت ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە یان بە شکاوی رابکات

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، داوای لە ئیسرائیل کرد لە تەواوی خاکەکانی لوبنان بکشێتەوە و هۆشداریشی دا، ئەگەر بە ویستی خۆی نەکشێتەوە، ئەوا ناچار دەبێت بە شکاوی رابکات.

پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاندووە، قائانی گوتویەتی: "ئیسرائیل ئەگەر ئەمرۆ بە ویستی خۆی لە باشووری لوبنان نەکشێتەوە، ئەوا سبەی ناچار دەبێت بە شکاوی رابکات".

ئەم لێدوانانەی قائانی لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و لوبنان هەر جۆرە پاشەکشەیەکی ئیسرائیلیان لە باشووری لوبنان رەت کردەوە، ئەوەش دوای لێدوانەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی هات کە باسی لەوە کردبوو ئیسرائیل وەک نیشاندانی نیازپاکی بەرامبەر حکوومەتی لوبنان، بەشێک لە هێزەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان کێشاوەتەوە.

لە هەمان کاتدا، گفتگۆکان لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە چاودێری و پاڵپشتی ئەمریکا بەردەوامن، ئەم گفتگۆیانە پێشنیازێک لەخۆدەگرن بۆ رادەستکردنەوەی ئەو بەشە لە خاکی لوبنان کە ئیسرائیل لە کاتی شەڕی لەگەڵ حزبوڵڵا داگیری کردبوون.

هەروەها پێشنیازی دروستکردنی ناوچەیەکی تاقیکاری یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی خولی دانوستانەکانی واشنتن، هەرچەندە فشارەکان کەمبوونەتەوە بەهۆی ئەوەی تاران دەیەوێت دۆسیەی لوبنان بخاتە ناو دانوستانەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا.

واشنتن و تاران هەفتەی رابردوو گەیشتنە رێککەوتنێکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادانەکان لە بەرە جیاوازەکاندا، بە بەرەی لوبنانیشەوە، هاوکات هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان کردووەتەوە، کە ئێران ئەمە بە هەنگاوێک دەبینێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.