بۆ یەکەمجار 43 قوتابی خوێندنی ئیسلامی بڕوانامەی زمانی ئینگلیزییان بەدەستهێنا

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، خولێکی تایبەتی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی کۆتایی هات، کە تێیدا 43 قوتابی دوای ساڵێک لە خوێندن و مەشقکردن، توانییان بڕوانامەی دەرچوون بەدەستبهێنن و ئاستی ئاخاوتنیان لەو زمانەدا پەرەپێبدەن.

نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای ساڵێک لە خوێندن و خۆ فێرکردن لە زمانی ئینگلیزی ئەمڕۆ 43 قوتابی خوێندنی ئیسلامی دەرچوون و بوونە خاوەن بڕوانامەی زمانی ئینگلیزی.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر گوتیشی: خولەکە لەلایەن کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رێکخرابوو، بۆ  ئاستی سەرەتایی و سوودێکی زۆری بۆ قوتابییە بەشداربووەکان هەبوو و ئێستا سەرجەمیان دەتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر ئاشکرای دەکات، یەکەمجارە خولێکی لەمشێوەیە بۆ قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی دەکرێتەوە و هەوڵدەدەین پەرەی زیاتری پێ بدرێت.

لە هەرێمی کوردستان 20 قوتابخانەی و دوو پەیمانگای ئایینی تایبەت هەن، کە سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینین.