کۆمپانیای DNOـی نەرویجی دەست بە بەرهەمهینانی نەوت دەکاتەوە
کۆمپانیای DNO ـی نەرویجی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
دوای ئەوەی چەند کۆمپانیایەک بەرهەمهێنانی نەوتییان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە و کۆمپانیای DNO ـی نەرویجیش بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و پێشابوور دەستپێدەکاتەوە، بڕیاریشە یەکشەممەی داهاتوو کۆمپانیای ئێج کەی ئێن لە کێڵگەی ئەتروش کارەکانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە.
پێشترکۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئێچ کەی ئێن دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و کۆمپانیا هونت ئۆیڵ هەشتی تەممووزی داهاتوو دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە، کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت بەچەند قۆناخێک دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە.
لەکۆی 11 کۆمپانیای بواری نەوت هەشت کۆمپانیا کارەکانیان راگرتووە، ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتییان دەستپێکردووەتەوە و بەشێکی دیکەشییان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە و دەتوانن رۆژانە نزیکەی 170 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبێنن.
لە هەرێمی کوردستان هەشت کێڵگەی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوت هەن ئەوانیش؛ کێڵگەی خورمەڵە، تاوکێ و پێشابوور، شێخان، ئەتروش، سەرسنگ، هەولێر و بجیل - هەریر.
هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ساڵی 2023 ـەوە راگیرا و زیانی ملیاران دۆلاری بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند.