کەربەلا.. رێوڕەسمەکانی عاشوورا دەبنە سەکۆیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

ملیۆنان موسڵمانی شیعە لە شاری کەربەلا یادی رۆژی عاشوورا دەکەنەوە. ئەمساڵ رێوڕەسمەکان تەنیا رەهەندێکی ئایینییان نەبووە، بەڵکو پارچە شیعر و لاوانەوەکان تێکەڵ بە دروشمی سیاسی و داواکاری بۆ چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی بوون. پەیامنێری کوردستان24 لە ناو جەرگەی رووداوەکەوە دەڵێت، ماتەمگێڕان پەیامی ناڕەزایەتییان ئاراستەی بەرپرسان کردووە.

کۆڵانەکانی دەوروبەری مەزارگە پیرۆزەکانی کەربەلا بە دەنگی سنگکوتان و لاوانەوەی ماتەمگێڕان تەنیوە. پیاوان بە پۆشاکی رەش و لەژێر سێبەری ئاڵا رەشەکاندا، یادی دەیەمی مانگی موحەرەم دەکەنەوە. بەڵام ئەمساڵ، ئەو هۆنراوانەی لەلایەن "رادود" یان لاوژەبێژەکانەوە دەخوێندرانەوە، تەنیا باسی رووداوەکانی سەدەی 7ـی زاینییان نەدەکرد.

لە ناو جەرگەی شیوەن و لاوانەوە تەقلیدییەکاندا، دێڕە شیعرەکان باسیان لە ئازارەکانی ئێستای خەڵک دەکرد؛ لەوانە قورسایی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، شکستی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بێهیوایی هاووڵاتییان لە وڵاتێکدا کە پڕە لە نەوت، بەڵام هەژاری تێیدا بڵاوە.

رێکخەرێکی رێوڕەسمەکان بە موعتەز عەبوودی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە لە پەیامەکاندا بە ئەنقەست بووە و گوتی: "شیعر و رێوڕەسمەکانی ماتەمینی ئێمە تەنیا لایەنی ئایینی لەخۆ ناگرن، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتین کە رەنگدانەوەی راستییەکانی ژیانە. خەڵک چاوەڕێی شیعرەکانمان دەکەن، چونکە لەرێگەی ئەوانەوە ئازارەکانی شەقام و خەڵک دەگەیەنینە بەرپرسان."

هاوکات یەکێک لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە لە کەربەلا بە راشکاوی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت کاریگەریی راستیی چاکسازی لە حکوومەتەکان ببینین. گەندەڵی بە روونی دیارە، زۆرێک لە بەرپرسان رەگەزنامەی دووانییان هەیە و بۆ بەرژەوەندی دیکە کار دەکەن، لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی بێبەشە لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، نابێت گەلەکەی بەم شێوەیە بناڵێنێت."

رێکخەرانی رێوڕەسمەکە دەڵێن، ئەم داواکارییانە دژایەتی نییە لەگەڵ نەریتەکان، بەڵکو درێژەپێدەری رێبازی ئیمام حوسێنە لە رەتکردنەوەی ستەم و داواکردنی چاکسازی.

یادی عاشوورا ئاماژەیە بۆ رووداوەکانی ساڵی 680ـی زاینی، کاتێک ئیمام حوسێن بن عەلی، نەوەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و ژمارەیەک لە کەسوکار و یارانی لە کەربەلا شەهید کران، دوای ئەوەی ئامادە نەبوون بەیعەت بە یەزیدی کوڕی معاویە بدەن. لای موسڵمانانی شیعە، ئەم رووداوە وەک هێمایەک بۆ بەرگریکردن لە ماف و راوەستانەوە دژی ستەمکاران ماوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، ساڵانە ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بۆ یادی کووژرانی ئیمام حوسێن روو لە کەربەلا دەکەن، کە ئەمەش شارەکە دەکاتە گەورەترین کۆبوونەوەی مرۆیی لە ناوچەکەدا.