بەڕێوەبەری کەناڵی زووم: زیانەکان بە 2 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت
زیاتر لە 10 مانگە دەستبەسەر باڵەخانە و کەلوپەلەکانی کەنااڵەکادا گیراوە و بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی زووم دەڵێت:"کۆی زیانەکانی دەزگاکەیان بە نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت".
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، هێمن مەحموود بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی زووم نیوز، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی ئۆفیس و کەلوپەلی کەناڵەکە بەردەوامن، گوتیشی،" کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام داوە، هەروەها، بە نووسراوی فەرمی دامودەزگاکانی ئیداری سلێمانیان ئاگادار کردووەتەوە و داوای گەڕانەوەی مافەکانیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەڵامدا، لایەنەکان رایانگەیاندووە، بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی چییەتی و شوێنی ئەو هێزەی کەلوپەلەکانیان لایە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان پێنەداوین".
بەڕێوەبەری زووم جەختی لەوە کردەوە، ئەم مافانە هی زوومن و وەک دامەزراوەیەکی میدیایی فەرمی و مۆڵەتپێدراوی یاسایی، بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، ئاشکراشی کرد لە نێوان دوو بژاردەدان: یان گەڕاندنەوەی کەلوپەلەکانیان، یان قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، چونکە ئەمە مافێکی یاسایی و کارگێڕی و دارایی تایبەت بە خۆیانە.
لەبارەی زیانە مادییەکانەوە، هێمن مەحموود رایگەیاند، لە کاتی هێرشەکەی 22ـی ئابی ساڵی رابردوودا، دەست بەسەر بڕی 90 ملیۆن دیناردا گیراوە کە بودجە و شایستەی دارایی کارمەندان بووە.
سەبارەت بە کەلوپەلە تەکنیکییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بەشە کەمەی لە کەلوپەل کە بۆیان گەڕاوەتەوە، زۆربەیان شکاون یان تێکدراون و ناتوانن جارێکی دیکە وەکو پێویست سوودیان لێ وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتی زووم تیشکی خستە سەر دۆخی ژیانی کارمەندەکانی و گوتی: "بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، زۆربەی رۆژنامەنووس و کارمەندەکانمان بۆ ماوەی 10 مانگە بێکار و بێ مووچە ماونەتەوە، تەنها نزیکەی 10 کەس نەبێت لە چەند شوێنێکی جیاواز کار دەکەن".
سەبارەت بە ستۆدیۆی سەرەکی زووم لە گەڕەکی سەرچنار، هێمن مەحموود گوتی، "بڕیار بوو وەک سوپڕایزێک لە ساڵیادی دەزگاکەدا بکرێتەوە و پارەیەکی زۆری تێدا خەرج کرابوو، بەڵام تەنها هەفتەیەک پێش کردنەوەی رووداوەکە روویدا و تا ئێستاش ئەو ستۆدیۆیە وەرنەگیراوەتەوە.
لە رووی کاردانەوەکانەوە، هێمن مەحموود رایگەیاند، لەسەر ئاستی ناوخۆ سەنتەری میترۆ و رۆژنامەنووسانی ئازاد پشتیوانییان کردوون، رەخنەشی لەو میدیایانە گرت کە داخستنی زووم و هێرشکردنە سەر و بێدەنگکردنییان بە هەواڵ نەزانیوە و گوتی: "حەقە بە خۆیاندا بچنەوە، رۆژێکیش کە وا لەوان دەکرێت کەس نایانکات بە هەواڵ."
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، کونسوڵخانەی بەریتانیا و چەندین دیپلۆماتکاری دیکە هاتوونەتە سەر خەت و بەڵێنی پشتیوانییان داوە بۆ گەڕاندنەوەی ستۆدیۆکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی زووم.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتی زووم جەختی کردەوە، بەردەوام دەبن لە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی سلێمانی، بۆ وەرگرتنەوەی ستۆدیۆکان و گەڕانەوەی مافە داراییەکانی کارمەندەکانیان، کە بە مافێکی یاسایی و رەوای خۆیان دەزانن.