لە ئەڵمانیا یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی بەڕێوەدەچێت
لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و پشتگیریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، کۆنگرەکە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە رێکخراوە.
بۆ بایەخدان بە زمانی دایک، بە پشتگیری راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نزیکەی 3 هەزار قوتابی کورد لە 35 قوتابخانەی کوردی لە بەشێک لە وڵاتان دەخوێنن و فێری زمانی دایک دەبن، چەندین قوتابخانەی دیکە لە جیهان هەن کە وانەی کوردی تێدا دەخوێندرێت و کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردی هەوڵدەدات پشتگیریان بکات و خوێندنی زمانی دایک بۆ هەموو منداڵێکی کورد دەستەبەر بکات.
لە بارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە، ئاوارە هەورامی، نێردراوی کوردستان24 لە دۆسڵدۆرف گوتی "کۆنگرەکە کاتژمێر 11:00ـی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. ئەم فیدراسیۆنە لە ساڵی 2024ـەوە دامەزراوە، لەژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کاردەکات و راستەوخۆ لەلایەن شیفا بارزانی سەرپەرشتیاریی گشتیی کۆنفیدراسیۆن، چاودێریی وردی دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، بە پاڵپشتی و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دامەزراوە، ئامانجی سەرەکیی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردییە لە دەرەوەی وڵات. کۆنگرەکە بە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ نەوەکانی داهاتووی کورد لە تاراوگە دادەنرێت، تاوەکو زمانەکەیان بپارێزن و ببنە نموونەیەکی گەشاوەی کورد لە وڵاتانی جیهان.
لە کۆنگرەکەدا 120 ئەندامی فیدراسیۆنەکە کە پێکهاتوون لە مامۆستایان، پسپۆڕانی زمانەوانی و کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارن. هەروەها نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردییەکان، ئەندام پەرلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەڵمانیا و نوێنەری 35 قوتابخانەی زمانی کوردی لە سەرانسەری جیهان ئامادەی مەراسیمەکە دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و بەتایبەتی وڵاتانی ئەسکەندەنافی، قوتابخانەی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد کراونەتەوە و لە چوارچێوەی سیستەمی خوێندنی ئەو وڵاتانەدا، زمانی کوردی وەک "زمانی دایک" ناسێنراوە و دەخوێندرێت. پەرەپێدانی ئەم سیستەمە و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەندە زانستییەکان یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە.