4 کارەسات خەونی مۆندیالی 2026ی عێراقی لە گۆڕنا
هاندەرانی وەرزشی عێراق و خەڵکی ئەو وڵاتە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 زۆر گەشبین بوون بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، بەتایبەتی دوای ئەوەی شێرەکانی رافیدەین لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر ئیسپانیا لەسەر خاکی ئەو وڵاتە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان بەرامبەربوون.
ئەم ئەنجامە ئەرێنییە بووە فریودەر و فووی لە عێراق کرد و خۆیان بە گەورەتر لە قەبارەی خۆیان بینی، خەڵکانێکی زۆر پێیانوابوو هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق توانای کێبڕکێی هەڵبژاردەکانی ئەورووپایان هەیە، تەنانەت ئۆمێدی ئەوە هەبوو عێراق لە کۆمەڵەی مەرگ بەسەر فەرەنسا و نەرویج و سەنیگال زاڵ بێت و لانیکەم بە پلەی سێیەم بگاتە قۆناغی 32ـی مۆندیال، بەڵام لە دوایین یاریی تووشی گەورەترین شکست بوون و بە ئەنجامی 5 گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر سەنگیال دۆڕان.
بەپێی هەڵسەنگاندنێک بۆ رووداوەکان، ئەم چوار هۆکارە وایکرد عێراق تووشی داڕمانێکی گەورە بێت و لەسەر ئاستی 48 هەڵبژاردەکە هاوشانی توونس بوونە خراپترین هەڵبژاردەی مۆندیال.
کارەساتی یەکەم: نایەکسانی تەکنیکی و قەیرانی بێئەزموونی
لە هەر 3 یاریی مۆندیال لاوازییەکی زۆر بە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق دیاربوو، بە ڕوونی دیاربوو ئەزموونیان زۆر کەمبوو، بەتایبەتی لەڕووی جەستەیی و تاکتیکییەوە خراپ بوون، سەرەڕای ئەوەش شێرەکانی رافیدەین خۆیان بەگەورەتر دەبینی، لە کاتێکدا لە کۆمەڵەکان دوو هەڵبژاردەی دڕندەی تێدابوو کە یەکێکیان فەرنسایە بۆ برندنەوەی نازناوەکە هاتووە، نەرویجیش یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئێستای ئەورووپا.
جگە لەوەش پێکهاتەی عێراقی ئەزموونی لە مامەڵەکردن لەگەڵ فشارەکانی مۆندیالدا نەبوو. بەرگری عێراق لە دوایین یاریی بەتەواوی بەرامبەر فشارەکانی سەنیگالدا داڕما و پێنج گۆڵی لێکرا.
کارەساتی دووەم: دەنگۆی دووبەرەکی لەناو کەمپی هەڵبژاردەی عێراق
قەیرانی عێراق تەنیا تەکنیکی نەبوو لە یاریگادا؛ لە قەیرانەکە لە پشت پەردەوە لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی سەریهەڵدا کە بەڵگە کەوتبووە دەست میدیایەکانی عێراق کە دووبەرەکی و دژایەتی زۆر لە نێو شاندی هەڵبژاردەی عێراقدا هەبووە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی میدیاکان بوونەتەوە سەبارەت بە مانەوەیان تا درەنگانی شەوان و شەڕ و ئاژاوەی زارەکی و جەستەیی لەگەڵ کارگێڕان و دزەپێکردنی زانیاری، ئەمەش کەشوهەوای هەڵبژاردەکەی بەرەو گرژی برد، هەرچەندە یوونس مەحموود سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەوڵی دا پەردەپۆشی ئەو کێشانە بکات و بەرگری لە یاریزانەکان کرد و رایگەیاند کەشێکی یەکگرتوو لە نێو کەمپەکە هەیە، بەڵام بە ڕوونی دیار بوو کەشێکی نەرێنی لەنێو کەمپەکەدا هەبووە.
کارەساتی سێیەم: دەرکردنی ڕێبین سولاقا و نەمانی بیروهۆش
هەڵبژاردەی عێراق لە چارەکی یەکەمی دەستپێکی یارییە چارەنووسسازەکە بەرامبەر سەنیگال زەربەیەکی وێرانکەری بەرکەوت و دوای ئەوەی ڕێبین سولاقای بەرگریکاری بەهۆی بێباکی و نەبوونی بیروهۆش هەڵەیەکی بەرچاوی کرد و لە خولەکی 13 بە کارتی سووری ڕاستەوخۆی کرایە دەرەوەی یاریگە.
ئەو هەڵەیەی رێبین سۆلاقا، هەڵبژاردەکەی خستە دۆخێکی سەختی تاکتیکی و جەستەیی خنکێنەر لە بەرامبەر ڕکابەرێکی توند و بێبەزەییدا، ئەمەش وایکرد هەموو پلانەکانی گراهام ئارنۆڵد بۆ گەڕانەوە مەحاڵ بێت. دیسان یاریزانانی عێراق هەمان هەڵەی تاکەکەسیی سەیر و سەمەرەکانییان دووبارەکردەوە کە لە یارییەکانی پێشووی بەرامبەر فەرەنسا و نەرویجدا هاوڕێیەکانی هەمان هەڵەیان کردبوو.
کارەساتی چوارەم: فەلسەفەی زیدان ئیقباڵ لە کاتە مەترسیدارەکاندا
زیدان ئیقباڵ خاوەنی بەهرەیەکی گەورە بوو، بەڵام بەشێوەیەکی مەترسیدار لە هێڵی ناوەڕاستدا زیادەڕۆییەکی زۆری لە نمایشکردنی لێهاتووییەکانی دەکرد، ئارەزوویەکی زۆری بۆ بڕینی یاریزانان هەبوو، ئەمەش وایکرد درز بخاتە لایەنی تەکتیکی ئارنۆڵد.
ئەم زیادەڕۆییەی زیدان ئیقباڵ لە چەندین حاڵەتدا بەروونی دیارکەوت و باجەکەشی دا و گۆڵێکی سەنیگالی لێکەوتەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان دەرکەوت نەوەی ئێستای عێراقی بە بەراورد بە نەوە مێژووییەکانی پێشوو زۆر بێ ئەزموونن بوون، جگە لەوەش لە رووی بیرووهۆشەوە زۆر ورد نەبوون.