ناتانیاهۆ: هێزەکانمان لە باشووری لوبنان دەمێننەوە
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمریکا و حکوومەتی لوبنان رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەو "ناوچە ئەمنییە"ی کە لە باشووری لوبنان دیاریکراوە.
شەممە 27ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لوبنان ئەنجادراوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێننەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنە پێگەی ئیسرائیل و لوبنان بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی پاشەکشێی هەژموونی ئێران و حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی هەڵوێستی حکوومەتی لوبنانی کرد و گوتی: "بەیروت ئازایەتییەکی گەورەی نیشاندا بە واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، کە لە ناوەڕۆکدا بە واتای داواکردن دێت لە ئێران و حزبوڵڵا بۆ ئەوەی لە لوبنان بچنە دەرەوە و دەست لە کاروباری ئەو وڵاتە وەرنەدەن".
سەبارەت بە رەوشی مەیدانی، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل وەک هەنگاوێکی سەرەتایی، دەست دەکات بە کشانەوە لە چەند ناوچەیەکی تاقیکاری لە گوندەکانی "زۆتەری رۆژئاوا" و "فرۆن" لە باشووری لوبنان، بەڵام ئەرکەکەیان بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە و هێشتا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ئەمنی دەبنەوە، کە لە سەرووی هەموویانەوە مەترسی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانە.
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لە ناو خاکی لوبنان دژی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ و ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ هێزەکانیان توانیویانە حەوت ئەندامی حزبوڵڵا لەناو ماڵێکدا بکەنە ئامانج کە دوور بوون لە پێگەکانی سوپاوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ ئاسۆیەکی نوێی بۆ ناوچەکە وێنا کرد و گوتی: "ئەمە سەرەتایەکە و چەندین رێککەوتنی دیکەی گرنگ لە داهاتوویەکی نزیکدا واژۆ دەکرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدایە بۆ گۆڕینی روخساری ناوچەکە."