حەمە هاشم 50 تابلۆی لە رۆمانیا نمایش کرد

حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "روخسارەکانی دوای جەنگ"، لە وڵاتی رۆمانیا لە گەلەریی هونەری ریپێراج لە قەڵای ئۆرادیا کردەوە و دەڵێت، "لە پێشانگاکەمدا، یادەوەری، بەرد و مێژوو، سێ بنەمای سەرەکین. ئەمانە بۆ من تەنیا توخمی هونەری نین، بەڵکو بەڵگەی خامۆشی چیرۆکی مرۆڤن؛ چیرۆکەکانی ئازار، بەرگری و بەردەوامی."

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ـی گوت: "لەو پێشانگەیەدا نزیکەی 50 کاری هونەری خۆم نمایش کرد، کاری گەورەی تێدابوو، هەروەها کاری بچووکیشی تێدابوو، گەورەترین کارم نزیکەی سێ مەتر درێژ بوو، هەموو ئەو کارانەم لە کوردستانەوە بردە ئەوێ و لە پێشانگەیەکی تایبەتدا نمایشم کرد."

حەمە هاشم گوتیشی، "لە روانینی مندا، هونەر تەنیا رەنگ و شێوە نییە، بەڵکو دیالۆگێکی بەردەوامە لە نێوان کولتوور و مرۆڤەکاندا. کاتێک لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کولتوورییەوە بیر دەکەینەوە، لە راستیدا سنوورەکان لادەدەین و مرۆڤایەتی وەک یەک گەوهەر دەبینینەوە. من پێم وایە ئەم پێکەوەبوونە هەمیشە دەرفەتێکە بۆ دەوڵەمەندکردنی رۆح و نزیکبوونەوەی مرۆڤەکان."

ئەو شێوەکارە باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە کارە هونەرییەکانمدا هەوڵم داوە تەنیا شێوە و تەکنیک پێشکەش نەکەم، بەڵکو ئەو ئازارە مێژووییە بخەمە ناو تابلۆکانەوە کە بەشێکە لە یادەوەری هاوبەشی ئێمە. بۆ من، ئازار ئەگەر لە رێگەی هونەرەوە دەرببڕدرێت، دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ وزەی بەدیهێنان و مانادارکردنی ژیان."

حەمە هاشم ئاماژەی بەوەش دا، "باوەڕم وایە هونەرمەند هەرگیز بە تەنیا نییە؛ ئەو هەمیشە بە زەوی، یادەوەری و ژیانەوە پەیوەستە. لەو پەیوەندییەدا، هونەر دەبێتە دەنگێک بۆ ئەو شتانەی کە زۆرجار بەبێ قسە دەژین."

دەربارەی توخمە سەرەکییەکانی تابلۆکانی، حەمە هاشم دەڵێت، "لە پێشانگاکەمدا، یادەوەری، بەرد و مێژوو، سێ بنەمای سەرەکین. ئەمانە بۆ من تەنیا توخمی هونەری نین، بەڵکو بەڵگەی خامۆشی چیرۆکی مرۆڤن؛ چیرۆکەکانی ئازار، بەرگری و بەردەوامی."

حەمە هاشم باسی لەوەش کرد، "لە کۆتاییدا، بۆ من هونەر گەورەترین هێزی مرۆڤە بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر ستەم و زۆرەملێ، و هەر کارێکی هونەری کە لە ئازار و ئومێدەوە لەدایک دەبێت، پارچەیەکە لە پاراستنی ئازادی و ویژدانی مرۆڤایەتی."

پێشانگەی شێوەکاری "روخسارەکانی دوای جەنگ"، ئەمڕۆ شەممە، لە وڵاتی رۆمانیا لە گەلەریی هونەری ریپێراج لە قەڵای ئۆرادیا کرایەوە و ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.

حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکاری کورد و کارمەندی کوردستان24، لە ساڵی 1973 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، 15 پێشانگە و ئەزموونی تایبەتی شیوەکاری نمایشکردووە لە، کوردستان، فەرەنسا ، ئەڵمانیا، پۆلەندا، ھیندستان، ئەمریکا، میسر، ئێران، تورکیا، بەشداریی لە زیاتر لە 150 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، شەش کتێبی هونەری نووسیوە بە ناوەکانی وەکو، ڤانکۆخ، رۆدان، ھونەری پیرۆز، ھونەری ئەبستراکت، نامەکانی ڤانکۆخ، میکلانجیلۆ.