پرۆژەکان بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر و دروستکردنی هەلی کارە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دوو ماستەرپلانی گەورەوە، دوو شاری گەشتیاریی مۆدێرن لە چیای زاوا و پشت بەنداوی دهۆک دروست دەکات، کە دەبنە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 بۆ 6 ساڵدا تەواو بکرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک، سەبارەت بەم پڕۆژە ستراتیژییانە بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند: "تێچووی دروستکردنی ئەم دوو پڕۆژەیە هێشتا بە تەواوی دیار نییە، چونکە پڕۆژەکان تازەن و لەسەر بنەمای ماستەرپلانێکی گشتگیر داڕێژراون و دابەشی سەر چەندین پێکهاتە و بەشی جیاواز کراون. لە کاتی ڕاگەیاندنیدا، هەر وەبەرهێنەرێک دەتوانێت بەشێک لە پڕۆژەکە وەربگرێت و جێبەجێی بکات." 

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە ماستەرپلانەکان تایبەتە بە چیای زاوا و ئەوی دیکەیان بۆ پشت بەنداوی دهۆک دانراوە. هاوکات جەختی لە گرنگیی پڕۆژەکان کردەوە و گوتی: "ئەم پڕۆژانە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران زۆر گرنگن. ئامانج لێیان پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ، و ڕاکێشانی گەشتیاری بیانییە بۆ هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە شێوازی پڕۆژەکان، ناوبراو روونیکردەوە، پێشتر پڕۆژەی گەشتیاری بە شێوەی پچڕپچڕ و جیاواز پێشکەش دەکران و تەنیا لە یەک ماستەرپلاندا نەبوون، بەڵام ئێستا ئەم دوو پڕۆژەیە "تەواوکارین" و وەک "شارێکی گەشتیاری" دەبن.

 ئەم شارە گەشتیارییانە چێشتخانە، کافێتریای مۆدێرن، براندە جیهانییەکان، مۆتێل و شوێنی کات بەسەربردن و حەوانەوە لەخۆ دەگرن، کە دەبنە هۆی رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.

دەربارەی کاتی جێبەجێکردنیشی، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ئاشکرای کرد، کاتێک وەبەرهێنەرێک بەشێکی پڕۆژەکە وەردەگرێت، کاتێکی بۆ دیاری دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 بۆ 6 ساڵدا هەموو بەشەکانی ئەم پڕۆژانە بە تەواوی دروست بکرێن و بکەونە کار.

لەبارەی پڕۆژەی پشت بەنداوی دهۆک بەتایبەتی، هەڤاڵ سدیق گوتی: "لە لایەن حکوومەتەوە و لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک، سەرەتا کۆڕنیشێک لە پشت بەنداوەکە دروست دەکرێت. دوای تەواوبوونی کۆڕنیشەکە، بەپێی ماستەرپلانەکە دەست دەکەین بە ڕاگەیاندنی پڕۆژە وەبەرهێنانییەکان، تاوەکوو وەبەرهێنەران بێن و هەر یەکەیان بەشێکی پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن."

 

دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی پشت بەنداوی دهۆک
دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی پشت بەنداوی دهۆک
دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی پشت بەنداوی دهۆک

 

دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی چیای زاوا
دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی چیای زاوا
دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی چیای زاوا
دیزاینی شارە گەشتیارییەکەی چیای زاوا