ئیسرائیل: ئامادەین بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و لوبنان

ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاکەیان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکان لە هەریەک لە لوبنان و ئێران ئەگەر پێویست بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، حزبوڵڵا لە ئێستادا ماندوو و پەککەوتەیە و چەکدارەکانی لە ژێر زەویدا گەمارۆدراون.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرسەکانیان بۆ سەر هەریکە لە ئێران و لوبنان گوتی: "حزبوڵڵا بەدەست برین و زیانە گەورەکانیەوە دەناڵێنێت و چەکدارەکانی لە ژێر زەویدا گەمارۆدراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە رووی ئۆپەراسیۆنییەوە کۆنترۆڵی ناوچەکەی کردووە و لە حاڵەتی ئامادەباشی ئاستبەرزدایە بۆ وەشاندنی گورزی خێرا و کوشندە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست."

سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل رێککەوتننامەی واژۆکراوی لەگەڵ حکوومەتی لوبنان بە مێژوویی و گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند، هێزی ئۆپەراسیۆنی و دەستکەوتە سەربازییەکانی چەند مانگی رابردووی سوپا بوونە هۆی رەخساندنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ ئەم رێککەوتنە، گوتیشی: "ئێمە پابەند دەبین بە رێککەوتنەکە و کار بۆ سەرخستنی دەکەین، بەڵام تاقیکردنەوەی راستەقینە لە کرداری هەردوولادایە و ماوەی داهاتوو رێڕەوی داهاتوو دیاری دەکات."

لە کۆتاییدا جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایشی هێزەکانیان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، چەکدارانی فیرقەی 36 و هێزەکانی کۆماندۆ لە ناوچەی بەرزاییەکانی بۆفۆرت جێگیر کراون و بە هەموو پێداویستییەکی سەربازییەوە ئامادەن بۆ تێکشکاندنی دوژمن، جەختیشی کردەوە، هەموو تواناکانی سوپای ئیسرائیل خراونەتە گەڕ بۆ بەردەوامبوون لە پشتگیریکردنی هێزەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.