ئێران مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دادەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، پێویستە ببێتە بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا، لە کاتێکدا بەردەوامی پێکدادانەکان فشارێکی زۆری لەسەر رێککەوتنی کاتیی نێوان تاران و واشنتن دروست کردووە.

یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "کشانەوەی ئیسرائیل لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان زەرورییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی بە مەبەستی جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا." بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی بەندی یەکەمی یاداشتنامەکە، کە باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی لوبنان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: "ئامانجمان کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە لوبنان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و زامنکردنی کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان." ناوبراو لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ نەبیهـ بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان راگەیاند، ئەوان بە جدییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران دوای ئەوە دێت، یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن واژۆکراوە، لە ماددەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا، داوای راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە دەکات. هەرچەندە یاداشتنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، رێککەوتنی کۆتایی جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی راشکاو داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکات، ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای لوبنان تا ئێستا نەیتوانیوە حزبوڵڵا ناچار بکات چەکەکانی دابنێت یان لە ناوچەکانی باشوور پاشەکشە بکات.