یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: نرخەکان جێگیرن و کۆگاکان پڕن
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە کۆگاکان پڕن لە کاڵا و خۆراک، ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز، رێگەی بەدیل هەیە و کاڵاکان بە نرخێکی گونجاو دەگەنە هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2026، شێخ مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بڕێکی زۆر کاڵا لەنێو کۆگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و نرخەکانیشیان گونجاون. ئاماژەی بەوەش کرد، راستە گەرووی هورمز گیراوە، بەڵام رێگەی دیکە هەیە و کاڵاکان دەگەنە بەندەری مێرسین و لەوێوە دەگەنە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران روونی کردەوە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، بەڵام توانراوە کاڵایەکی زۆر هاوردە بکرێت و نرخەکان بە گونجاوی بمێننەوە، بە شێوەیەک کە نەگەیشتووەتە ئاستێک هاووڵاتییان لێی بێتاقەت بن یان کاڵایان دەست نەکەوێت.
شێخ مستەفا عەبدولرەحمان دەڵێت: "هەمیشە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە کۆگاکانمان پڕن لە خۆراک و هەمیشە پڕ دەکرێنەوە؛ هیچ کاتێک کۆگاکان خاڵی نەبوونە و هەر کاتێک کاڵایەک کەم بێت، راستەوخۆ شوێنی پڕ دەکرێتەوە و زیاد دەبێت."
ناوبراو راشکاوانە رایگەیاند، ئەگەر هەموو رێگاکانیش نەمێنن، تاوەکو 5 بۆ 6 مانگی دیکە کاڵای پێویست لە کۆگاکاندا هەیە. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە شێوەیەکی ئاسایی و رۆژانە پێداویستییەکانیان بکڕن و پەنا بۆ کڕینی زۆر و کۆکردنەوە نەبەن، بۆ ئەوەی بازاڕ تووشی هەڵپەکردن نەبێت.