وەزارەتی ناوخۆی کـۆریـا 160 پۆلیسی بۆ پاسەوانیکردن لە راهێنەری هەڵبژاردەکەیان تەرخانکردووە
وەزارەتی ناوخۆی کۆریای باشوور 160 پۆلیسی بۆ پاسەوانیکردن لە هۆنگ میونگ راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە کاتی گەڕانەوەی تەرخان کردووە.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، چەندان هەڕەشەی کوشتن بۆ مۆنگ میونگ بۆ راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور چووە و ئەو راهێنەرە سەرەڕای ئەوەی دەستی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە کێشایەوە، بەڵام کۆرییەکان دەڵێن بێتەوە وڵاتەکەمان دەیکوژین.
وەزارەتی ناوخۆی کۆریای باشوور بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە مۆندیالی 2026، بڕیاریداوە لە کاتی گەیشتنی راهێنەرەکە بۆ سیئۆل، زیاتر لە 160 پۆلیس بۆ پاریزگاریکردن لە هۆنگ میونگ بۆ تەرخان بکات، چونکە چەندان کەس لە رێگای ئینتەرنێتەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە و پێیان گوتووە، بەس بگەڕێیەوە کۆریا دەتکوژین، چونکە هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لەسەر دەستی ئەو راهێنەرە لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
بەهۆی زوو کرانە دەرەوەی کۆریای باشوور لە مۆندیال دەنگدانەوەی گەورە لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە دروستبووە، لی جای میونگ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە فەرمانی بە وەزیری وەرزش و لاوانی وڵاتەکە کردووە بە زووترین کات لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لە شکستی هەڵبژاردەکەیان بکات و بەرپرسیارەکانی ئەو شکستە گەورەیەی کۆریای باشوور لە مۆندیال دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن.
کەناڵی کەی بی ئێسی کۆری کە کەناڵێکی حکومییە، دوای کرانە دەرەوەی کۆریای باشوور لە مۆندیال لەکاتی گواستنەوەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی راهێنەری هەڵبژاردەکەیان، وێنەی راهێنەرەکەی شێواندبوو، ماسکێکی خستبووە سەر وێنەی راهێنەرەکە بۆ ئەوەی دیار نەبێت، وەکو نارەزایەتییەک لە دژی ئەنجامە خراپەکانی کۆریای باشوور لە مۆندیالی 2026.