وریا گلی: چیڕۆکی "پەنجاو یەک لە پەنجا" دیارییەکی منە لە 50 ساڵی تەمەنمدا بۆ خوێنەران

وریا گلی، نووسەر و چیڕۆکنووس، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "پەنجاو یەک لە پەنجا" بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە چەند ساڵی رابردوودا، خەمێکی گەورە رووی لە ژیانم کرد کە شوێنی قووڵی لە ناخم جێهێشت. لەو ماوەیەدا هەستم کرد خەمەکانم دەنووسن، نەک من خەمەکان بنووسم. بۆیە هەندێک هاوڕێ و خوێنەر بە نازناوی "نووسەری خەمەکان" بانگم دەکەن."

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، وریا گلی، نووسەر و چیڕۆکنووس بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کتێبە هەشتەمین بەرهەمی چاپکراوی منە و لە ناوەڕۆکی خۆیدا پەنجاو یەک چیرۆکی کۆمەڵایەتی لە 250 لاپەڕەدا لەخۆ دەگرێت. کتێبەکە کۆمەڵێک چیرۆکی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە هەریەکەیان لە شوێنێکی دیاریکراوی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە سەرچاوەیان گرتووە. بەشێک لە چیرۆکەکان تیشک دەخەنە سەر کارەساتی ئەنفال و ئەو برینە قووڵانەی کە تا ئێستاش لە یادەوەری گەلی کورددا ماونەتەوە، هەروەها بەشێکی تریشی چیرۆکی کۆمەڵایەتییە کە لە ناو ژیانی رۆژانە، پەیوەندییە مرۆییەکان، دڵتەنگی و تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ سەرچاوەیان گرتووە."

وریا گلی گوتیشی، "منیش وەک زۆربەی تاکەکانی گەلی کورد، ژیانم بێ بەش نەبووە لە ناخۆشی و خەم. هەر مرۆڤێک لە ژیانیدا بە قۆناخێکدا تێدەپەڕێت کە تێیدا ئەزموون دەکات کە چۆن ئازار بکاتە بیرەوەری و بیرەوەریش بکاتە وشە. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، خەمێکی گەورە رووی لە ژیانم کرد کە شوێنی قووڵی لە ناخم جێهێشت. لەو ماوەیەدا هەستم کرد خەمەکانم دەنووسن، نەک من خەمەکان بنووسم. بۆیە هەندێک هاوڕێ و خوێنەر بە نازناوی "نووسەری خەمەکان" بانگم دەکەن."

ئەو نووسەرە باس لە گرنگی نووسینی ئەو چیڕۆکە دەکات و دەڵێت، "چیڕۆکی "پەنجاو یەک لە پەنجا"، دیارییەکی منە لە 50 ساڵی تەمەنمدا بۆ خوێنەران. زۆر جار لێم دەپرسن بۆچی پەنجا چیڕۆک نەبوو؟ وەڵامەکەم ئەوەیە کە هەموومان پێش هاتنە ناو ئەم جیهانە، ماوەیەک لە سکی دایکماندا ژیاوین. ئەو ماوەیەش بەشێکە لە تەمەن و ژیانمان. بۆیە لەبری ئەو نۆ مانگە، چیرۆکێکم زیاد کرد تا ژمارەکە ببێتە پەنجاو یەک.

 وریا گلی ئاماژەی بەوەش دا، "چیڕۆکەکان تەنیا بۆ خوێندن نین، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە  خوێنەر خۆی لەناو وشەکاندا بدۆزێتەوە. هەر چیرۆکێک هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی ساتێک لە ژیان، هەستێک لە ناخ و بیرەوەرییەک کە رەنگە زۆر کەس لە دڵی خۆیدا هەڵیبگرێت بەڵام نەتوانێت بیڵێت."

وریا گلی، نووسەر و چیڕۆکنووس، لەساڵی 1976 لەشاری کەرکووک لەدایک بووە. خاوەنی 8 کتێبی چاپکراوە. لەم دواییانەدا بەهۆی نووسینەکانییەوە نازناوی نووسەری خەمەکانی لێنراوە.