راهێنەری پێشووی مۆناکۆی فەرەنسی بووە راهێنەری زاخۆ
یانەی زاخۆ دوای ئەوەی گرێبەستی ماهر کەنزاری راهێنەری توونسی هەڵوەشاندەوە، گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێکی پێشووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسا واژۆ کرد کە پێشتر راهێنەرایەتی چەندان ئەستێرەی ناوداری کردووە.
دوای تەنیا 16 رۆژ لە دەستنیشان کردنی ماهر کەنزاری وەکو راهێنەری نوێی زاخۆ، گرێبەستەکەی بە رەزامەندی هەردوولا هەڵوەشایەوە و لە شوێنی ئەو راهێنەر توونسییە، لورانت بانید راهێنەری پێشووی مۆناکۆی فەرەنسا ئەرکی راهێنەرایەتی زاخۆی وەرگرت.
لورانت بانید، تەمەنی 58 ساڵە، سەرەتای کاروانی راهێنەرایەتی لە 1997 لەگەڵ تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی مۆناکۆ دەستپێکرد، بەهۆی زیرەکی و وردی لە پلانەکانی، وەکو یاریدەدەری راهێنەری مۆناکۆ بۆ خولی پلەیەکی فەرەنسا دیاریکرا. دوای ساڵێک بە دیاریکراوی لە 2006 ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی مۆناکۆو وەرگرت، لە کۆی 32 یاری، 13 بردنەوە و 8 شکست و 11 یەکسانبوونی تۆمار کرد، سێ لە سەرکەوتنەکانی بەرامبەر یانەکانی لیۆن، لیل و مارسیلیای فەرەنسا بووە.
لورانت پێشتر لە مۆناکۆ راهێنەری یەحیا تۆرێی کۆتدیڤواری و پاتریس ئێڤرای فەرەنسی و ئۆبامیانگی گابۆنی و کۆلەری چیکی و چەندان ئەستێرەی دیکە بووە.
لورانت دوای دوو وەرز، یانەی مۆناکۆی فەرەنسا جێهێشت ئەرکی راهێنەرایەتی ئومسەڵاڵی قەتەری وەرگرت، راهێنەری پێشووی یانەکانی خەریتات و خوری قەتەری و زەفاری عومانی و کوێتی کوێتی و نەسری ئیماراتی و عرووبەی سعوودییەش بووە.
لە 2019 بۆ کاری راهێنەرایەتی گەڕایەوە ئەورووپا، لە خولی پلەچواری ئینگلیزی بوو راهێنەری یانەی ئۆڵدهامی ئینگلیزی، دواتر لە 2022 بۆ ماوەی سێ وەرز ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی خانمانی یانەی مۆناکۆی وەرگرت، بەڵام لەم هاوینە یانەکەی جێهێشت و بووە راهێنەری زاخۆ.
لورانت بانید لە کاروانی راهێنەرایەتی تەنیا دوو نازناوی لە خولی قەتەری و خولی کوێتی بەدەستهێناوە و بۆ وەرزی داهاتوو ئەزموونێکی نوێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ زاخۆ تاقی دەکاتەوە.