بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا دکتۆر عەبدوللەتیف بە هەمیشەیی لە زانکۆ دوورخرایەوە
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتایی و فەرمی سەبارەت بە دۆسیەی (دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی دەرکرد و سزای "عەزل"ی بەسەردا سەپاند.
بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرە ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەمموزی 2026، ئاماژە بەوە دراوە، پاڵپشت بەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی زانکۆی سلێمانی و وەزارەتەوە ئەنجامدراون، بڕیاردرا بە پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە و دەرکردنی سزای (عەزل) بۆ ناوبراو.
لە فەرمانەکەدا هاتووە؛ سزادانی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستا بووە لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، پاڵپشت بە یاسای رەفتاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی، ژمارە 14ـی ساڵی 1991، ماددەی 8ـی بڕگەی 8 بووە.
سزای عەزل لە یاسای کارگێڕیدا بە قورسترین سزای فەرمانبەر دادەنرێت، بەواتای دوورخستنەوەی یەکجاری و هەمیشەیی دێت لە ریزەکانی کەرتی گشتی و زانکۆ، و ناوبراو چیتر ناتوانێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا وەک فەرمانبەر یان مامۆستا دەستبەکار بێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک نووسراو و لێکۆڵینەوە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی 2026ەوە لە نێوان سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاڵوگۆڕ کراون و تێیدا دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە سزای "عەزل" بەسەر ناوبراودا جێبەجێ بکرێت.
