شارەوانیی بەحرکە ناوی ژمارەیەکی دیکەی فەرمانبەری بۆ وەرگرتنی کارتی زەوی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکە ئاگاداری ئەو فەرمانبەرانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، رۆژی یەکشەممە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتەکانیان و چەند مەرجێکیش بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان دیاری دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەحرکە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی بارەگای شارەوانی بکەن بە مەبەستی وردبینی و وەرگرتنی "کارتی زەوی".

شارەوانیی بەحرکە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی فەرمانبەران، دوو مەرجی سەرەکی دیاریکردووە:
1- پێویستە فەرمانبەر نووسراوی پشتگیریی فەرمی فەرمانگەکەی پێبێت، بەبێ پشتگیری مامەڵەکەی بۆ ئەنجام نادرێت.
2- دەبێت فەرمانبەرەکە خۆی ئامادە بێت، یان لە ڕێگەی بریکارنامەی فەرمییەوە (وەکالەت) کەسێکی دیکە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی ڕاسپێردرابێت.

بڵاوکردنەوەی ئەم ناوانە لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ناوی ژمارەیەکی دیکە لە فەرمانبەرانی کەرتە جیاوازەکان بڵاوکرایەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و وردبینیکردن لە مامەڵەی سوودمەندبووان.