مریەم کاکەیی بە کتێبێکی فارسی ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم خوێنەر

مریەم کاکەیی، خانمە نووسەر و شاعیر، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "ناوی مەنسور بوو، حەلاجێکی دیکە"، بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەم کتێبە چیرۆکی من و تۆیە؛ واتە چیرۆکی ئەو کەسانەی کە رەنگە لە کۆڵانێکی کۆن، لە گفتوگۆیەکی کورت، لە چاوپێکەوتنێکی بێ ئامانج یان تەنانەت لە ساتێکی بێدەنگدا، رووبەڕووی خۆیان ببنەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی تەمموزی 2026، مریەم کاکەیی، خانمە نووسەر و شاعیر بە کوردستان24ی گوت، "ئەو کتێبە نوێیەم بە زمانی فارسییە و لە 17 چیرۆکی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە و هەر چیرۆکێکی هەوڵێکە بۆ چوونە ناو ژیانی مرۆڤ، بۆ دۆزینەوەی ئەو هەستانەی زۆرجار لە ژیاندا ناتوانرێت بە ئاشکرا دەرببرێت. هەروەها ئەم کتێبە لەلایەن ئینتشارات دگرگون چاپ و بڵاوکراوەتەوە و نووسەر و رۆژنامەنووس و کۆمەڵناس جەلال حەیدەری نەژاد پێشەکیی بۆ نووسیوە؛ پێشەکییەک کە خوێنەر ئامادە دەکات بۆ چوونە ناو جیهانێک کە تیایدا هەموو شتێک تەنیا ئەوە نییە کە دەبینرێت."

مریەم کاکەیی گوتیشی، "ئەم کتێبە تەنیا کۆمەڵە چیرۆکێک نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی بچووکە بۆ ئەو ژیانانەی لە دەوروبەری ئێمەدا هەن. هەروەها ئەم کتێبە چیرۆکی من و تۆیە؛ واتە چیرۆکی ئەو کەسانەی کە رەنگە لە کۆڵانێکی کۆن، لە گفتوگۆیەکی کورت، لە چاوپێکەوتنێکی بێ ئامانج یان تەنانەت لە ساتێکی بێدەنگدا، رووبەڕووی خۆیان ببنەوە."

ئەو خانمە نووسەرە باس لە کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکە دەکات و دەڵێت، "کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە مرۆڤگەلێکن کە لە ناو بیرکردنەوە، خەم، بوغز، ترس، ئارەزوو و هەندێکجار بوێریدا دەژین. هەر یەکێکیان هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ بڕیارەکان، بۆ هەڵوێستەکان و بۆ ئەو رێگایەی هەڵیدەبژێرن. ئەگەرچی ئەو هۆکارانە هەمیشە هاوشێوەی یەکتر نین، بەڵام هەموویان هاوبەشن لە شتێکدا؛ ئەویش پێویستییان بە گوێگرتن و گێڕانەوەی چیرۆکەکانیانە."

مریەم کاکەیی باس لە بێدەنگی ناو چیرۆکەکە دەکات و دەڵێت، "لە زۆربەی ئەم چیرۆکانەدا، کەسانێک دەبینرێن کە زۆر جار لە گۆشەگیری، بێدەنگی یان لە قەدەخەکراوی هەستەکاندا ماونەتەوە. بەڵام من هەوڵ دەدەم ئەو دەنگانە بهێنمە سەر روو، ئەوانەی کە هەرچەندە بە گومان، بە شەرم، بە توندوتیژی ژیان یان بە درەنگی، ئامادەن قسە بکەن و بیرۆکەکانیان بڵاوبکەنەوە."

مریەم کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو کۆمەڵە چیرۆکە بانگهێشتێکە بۆ خوێندنەوەی ناوەوەی مرۆڤ؛ بۆ ئەوەی تەنیا رووکاری ژیان نەبینرێت، بەڵکو ئەو هەست و یاد و قورساییانەش بخوێندرێنەوە کە لە پشت هەر مرۆڤێکەوەن. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە مرۆڤ، بەوەی هەموومان لە شوێنێکدا چیرۆکێکی نەگێڕدراومان هەیە."

مریەم کاکەیی، خانمە نووسەر و شاعیر، لەساڵی 1983 لەشاری کەرکووک لەدایکبووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە. ئەو خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەری و ئەدەبییە، هەروەها لە بواری وەرگێڕاندا چالاکە و چەندین دەقی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراوەتەوە.