قۆناخێکی نوێی هەماهەنگیی هونەری لە نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێدەکات
لە دانیشتنێکی هاوبەش لە هەولێردا، بناخەی قۆناخێکی نوێی هەماهەنگیی هونەری لە نێوان هەولێر و بەغدا دانرا، کە تێیدا جەخت لەسەر فراوانکردنی هاوکارییەکانی سینەما و شانۆ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و جێبەجێکردنی پڕۆژە هونەرییە هاوبەشەکان کرایەوە.
شاخەوان مستەفا دەڵێت: "باوەڕمان وایە کە گواستنەوەی ئەزموون و نزیکبوونەوەی دامەزراوە هونەرییەکان، رێگە بۆ دروستبوونی پڕۆژەی گەورەتر خۆش دەکات؛ پڕۆژەیەک کە بتوانین هونەرمەندانی هەولێر و بەغدا لە یەک کاردا کۆبکەینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەمموزی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر، باوەڕمان وایە کە هونەر زمانێکی هاوبەشی هەمووانە و پەرەپێدانی سینەما و شانۆ تەنیا بە هاوکاری، هەماهەنگی و یەکگرتوویی دامەزراوە هونەرییەکان دەکرێت. بۆیە سەردانی بەڕێز د. جەبار جوودی و شاندەکەی تەنیا سەردانێکی فەرمی نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بونیادنانی قۆناخێکی نوێی هاوکاری هونەری لە نێوان هەولێر و بەغدا."
شاخەوان مستەفا گوتیشی: "ئێمە بە گرنگییەوە لەو پەیامە دەڕوانین کە لە بەغداوە بۆ پشتیوانی و هاوکاری بواری سینەما و شانۆی هەولێر گەیشت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هەردوولامان باوەڕمان بە گرنگی رۆڵی هونەری لە دروستکردنی پەیوەندی و یەکخستنی کولتووری هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەیە."
شاخەوان مستەفا باس لە ئامانجی ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ سینەما و شانۆی بەغدا دەکات و دەڵێت: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی دیدار و سەرداندا نەوەستێت، بەڵکو ببێتە بناخەی کارێکی بەردەوام و پڕ لە بەرهەم. لە قۆناخی داهاتوودا هەوڵ دەدەین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق بەرنامەی هاوبەش دابڕێژین وەکو؛ رێکخستنی فێستیڤاڵ، چالاکییە سینەمایی و شانۆییەکان، ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هونەرمەندان و شانۆکاران، هەروەها پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی فیلم، شانۆ و هاندانی بەرهەمی هاوبەش."
شاخەوان مستەفا باسی لەوەش کرد، "باوەڕمان وایە کە گواستنەوەی ئەزموون و نزیکبوونەوەی دامەزراوە هونەرییەکان، رێگە بۆ دروستبوونی پڕۆژەی گەورەتر خۆش دەکات؛ پڕۆژەیەک کە بتوانین هونەرمەندانی هەولێر و بەغدا لە یەک کاردا کۆبکەینەوە و بەرهەمگەلێکی بەهێز و شایستەی ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی پێشکەش بکەین."
دەربارەی گرنگی پشتگیری گەنجان و داهێنەران، شاخەوان مستەفا دەڵێت: "ئێمە گرنگییەکی زۆر بە پشتگیری گەنجان و داهێنەران دەدەین، چونکە دڵنیاین داهاتووی سینەما و شانۆ بە دەستی ئەو نەوەیە دەنووسرێت. بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ فێربوون، بەشداری لە چالاکییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و گەشەکردنی تواناکانیان دابین بکات."
شاخەوان مستەفا ئاماژەی بەوەش دا، "سەردانی د. جەبار جوودی و شاندەکەی بۆ ئێمە جێی شانازییە و ئەم پەیامی پیرۆزباییە بە نیشانەی پەیوەندییەکی باش و ویستی هاوبەش بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا دەزانین. هیوادارین ئەم سەردانە ببێتە سەرەتای هاوکارییەکی بەردەوام کە سوودی بۆ گەشەپێدانی سینەما و شانۆ و جوڵەی هونەری هەبێت."
پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق لە ماوەی دوایی زیاتر گرنگی پێدەدرێت، بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی ئەزموون، رێکخستنی چالاکی و فێستیڤاڵە هاوبەشەکان و پشتگیری لە بەرهەمهێنانی سینەما و شانۆ. هەروەها سەردانی د. جەبار جوودی بۆ هەولێر و پەیامی پیرۆزبایی بۆ شاخەوان مستەفا، وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ پتەوکردنی ئەم هاوکارییە و فراوانکردنی کارە هونەرییە هاوبەشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەبینرێت.