چێنەر نزار بە مەرمەر رۆحی نالی و شێرکۆ بێکەسی زیندوو کردەوە

لە هەنگاوێکی هونەری و کولتووری گرنگدا، چێنەر نزار،  هونەرمەندی پەیکەرسازی کورد، دوو پەیکەری قەبارە گەورەی دوو لە گەورەترین شاعیرانی کورد، "نالی و شێرکۆ بێکەس"، بە بەکارهێنانی بەردی مەرمەر دروست کردووە و دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە تەنیا کارێکی پەیکەرسازی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەرجەستەکردنی مێژوو، ئەدەب و ناسنامەی کورد لە رێگەی هونەری پەیکەرسازییەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تەمموزی 2026، چێنەر نزار، هونەرمەندی پەیکەرسازی کورد بە کوردستان24ی گوت، "بۆ هەر یەکێک لە پەیکەرەکان نزیکەی چوار مانگی بەردەوام کارم کردووە و هەموو قۆناخەکانم لە هەڵبژاردنی بەرد، نەخشاندن، و تەواوکردنی وردەکارییەکان بە دەستی خۆم ئەنجامداوە. هەروەها دروستکردنی پەیکەر لە مەرمەر یەکێکە لە قورسترین جۆرەکانی هونەری پەیکەرسازی، چونکە هەر هەڵەیەکی بچووک دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی بەردەکە.

چێنەر نزار گوتیشی، "پەیکەری نالی بە بەرزی 285 سم دروست کراوە، لە کاتێکدا پەیکەری شێرکۆ بێکەس بەرزیی 270 سم دروست کراوە. بەڵام گرنگتر لە قەبارەی پەیکەرەکان ئەوە بووە کە رۆح، هەست و کەسایەتیی هەر یەک لە شاعیرەکان بە شێوەیەکی نزیک لە راستی لە ناو بەردەکەدا بگونجێندرێت، بۆیە زۆر کاتم  بۆ لێکۆڵینەوە لە وێنە، بەڵگە و تایبەتمەندییەکانیان تەرخان کردووە."

چێنەر نزار باس لە گەورەیی نالی و شێرکۆ بێکەس دەکات و دەڵێت، "نالی وەک یەکێک لە بناخەدانەرانی شیعری کلاسیکی کورد، شوێنێکی بەرزی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەیە. شیعرەکانی بە زمانێکی جوان و پڕ لە وێنەی هونەری، کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر گەشەی شیعری کوردی داناوە. بۆیە هەوڵمداوە لە پەیکەرەکەدا ئەو ژیری و کەسایەتییە ئەدەبییەی نالی بە باشترین شێوە پیشان بدەم."

چێنەر نزار ئەوەشی گوت، "هەروەها شێرکۆ بێکەس بە یەکێک لە نوێکەرەوە گەورەکانی شیعری هاوچەرخی کورد دادەنرێت. بەرهەمەکانی ئەو پڕن لە بابەتە مرۆڤایەتی، نیشتیمانی و ئازادیخوازانە، و شیوازی نوێی نووسینی کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر چەندین نەوەی شاعیر و نووسەری کورد داناوە. بۆیە لە دروستکردنی پەیکەری شێرکۆ بێکەسدا زۆر گرنگیم بە دەربڕینی بیرکردنەوەی قووڵ، ئارامی رووخسار و هەستی شاعیرانەی ئەو داوە."

دەربارەی ئامانجی ئەو پڕۆژەیە، چێنەر نزار دەڵێت، "ئامانجی ئەم پڕۆژەیە تەنیا بەرهەمهێنانی دوو پەیکەر نەبووە، بەڵکو ویستوومە لە رێگەی هونەرەوە جیلی نوێ زیاتر ئاشنا بکەم بە ژیان و بەرهەمی ئەو دوو ستوونەی ئەدەبی کوردی. بۆیە بەبڕوای من کە پەیکەر دەتوانێت وەک زمانێکی جیهانی، مێژوو و کولتووری گەلان بگەیەنێتە بینەر، بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدەم کارەکانم تەنیا جوان نەبن، بەڵکو پەیام و مانای قووڵیشیان هەبێت."

چێنەر نزار ئاماژەی بەوەش دا، "لە تەواوی قۆناخەکانی کاردا گرنگییەکی زۆرم بە کوالێتی داوە و هیچ بەشێکم بە خێرایی تەواو نەکردووە. بەڵکو بە ئارامی و وردبینی هەموو بەشەکانی پەیکەرەکانم تەواو کردووە، چونکە بەبڕوای من کارێکی ئەوتۆ کە ناوی کەسایەتییە گەورەکانی کوردی لەسەرە، دەبێت بە بەرزترین ئاستی هونەری ئەنجام بدرێت."

مەڕاسیمی پەردە لادان لەسەر پەیکەری شاعیرانی گەورەی کورد، "نالی و شێرکۆ بێکەس"، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 8ی تەمموزی 2026، لە سلێمانی لە شەقامی کۆرنیشی دەروازە لە گەلەری پیکاسۆ بەڕێوەبچێت.

چێنەر نزار، پەیکەرسازی کورد، لە ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە. بەشداری 60 پێشانگەی هاوبەش لە ناو کوردستان و 4 پێشانگەی هاوبەش لە دەرەوەی کوردستان کردووە.