باخەوانانی حاجی ئۆمەران سەرقاڵی رنینەوەی گێلاسن
وەرزی رنینەوەی گێلاس لە حاجی ئۆمەران دەستی پێکردووە و بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە، بەڵام بەهۆی کەمیی باخەکانی گێلاسەوە، بەرهەمی ناوخۆ بەشی داواکاریی بازاڕ ناکات و نرخەکەشی لە نێوان چوار بۆ 10 هەزار دیناردایە.
لەگەڵ گەرمبوونی ئاووهەوا، وەرزی رنینەوەی گێلاس لە دەڤەری حاجی ئۆمەرانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێکرد. ئەمساڵ بەهۆی گونجاویی ئاووهەواوە دارەکان بەرێکی باشیان گرتووە، بەڵام بەهۆی کەمیی رووبەری باخەکانی گێلاسەوە، بەرهەمی ناوخۆ ناتوانێت داواکاریی بازاڕ پڕ بکاتەوە.
باخەوانانی ناوچەکە سەرقاڵی چنینەوەی ئەو میوە ناسکەن و دەبێت بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
ئەریاد بۆڵی جووتیارێکی ناوچەکەیە و باس لە باشیی بەرهەمی ئەمساڵی گێلاس دەکات بەراورد بە ساڵانی رابردوو. ئەو دەڵێت، ساڵی رابردوو بەهۆی سەرماوە بەرەکانیان وەرین یان سووتان، بەڵام ئەمساڵ ئاووهەوا گونجاو بوو، هەروەها کەسانێکی زیاتری ناوچەکە روویان لە چاندنی داری گێلاس کردووە.
ناوچە شاخاوییەکانی حاجی ئۆمەران بە زەوییە لێژ و بەرزەکانییەوە، ژینگەیەکی زۆر گونجاون بۆ چاندنی داری گێلاس. تەحسین ئاکۆیی شارەزای بواری باخداری, روونی دەکاتەوە، بەگشتی خاکی کوردستان و بەتایبەتی خاکە سفت و لمییەکان بۆ گێلاس زۆر گونجاون، لەبەرئەوەی ئەو دارە ئاوگرتنی زۆری خۆشناوێت.
بۆ زیادکردنی بەرهەمیش، ئەو شارەزایە ئامۆژگاریی جووتیاران دەکات قەڵەمی گێلاس لەسەر قەدی گێلاسی ئەمریکی پەیوەند بکەن. بە گوتەی ئەو، ئەگەر ئەم کارە بکرێت، بەرهەمەکەی دوو بۆ سێ ئەوەندە زیاد دەکات و تەمەنی دارەکە درێژتر دەبێت، هەروەها بەرگریشی بەرانبەر نەخۆشییە کەڕوویەکان زیاتر دەبێت.
سەرەڕای گونجاویی ژینگەی ناوچەکە، بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە تەواوی سنوورەکەدا تەنیا 10 دۆنم زەوی بە داری گێلاس چێنراوە.
لەم کاتەدا سەرەتای پێگەیشتنی میوەکەیە و خراوەتە بازاڕەوە، نرخی یەک کیلۆگرام گێلاس لە نێوان چوار بۆ 10 هەزار دیناردایە. گێلاس وەک میوەیەکی دڵخوازی هاووڵاتییان، وەرزی پێگەیشتن و مانەوەی کورتە.
بەهۆی کەمیی رووبەری چاندنی لە هەرێمی کوردستان، داواکارییەکی زۆری لەسەرە و بە دەگمەن نرخەکەی دادەبەزێت. هەر بۆیەش بەرهەمی ناوخۆیی وەڵامدەرەوەی پێداویستیی بازاڕ نییە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش بازاڕەکان ناچارن پشت بە هاوردەکردن ببەستن.