وەزارەتی پەروەردە رێنمایی و مەرجەکانی وەرگرتنی قوتابیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بڵاوکردەوە
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکار و مەرجەکانی وەرگرتن و تۆمارکردنی منداڵان و قوتابیانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان راگەیاند و تەمەنی وەرگرتنیشی دیاریکرد.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، پرۆسەی وەرگرتن لە باخچەی منداڵان و پۆلی یەکی بنەڕەتی لە رێکەوتی 15/7/2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 19/8/2026 بەردەوام دەبێت.
مەرجەکانی تەمەن بۆ وەرگرتن بەم شێوەیەیە:
باخچەی ساوایان (حکومی):
قۆناغی یەکەم: ئەو منداڵانەی لە نێوان (1/1/2022 تا 31/12/2022) لەدایکبوون.
قۆناغی دووەم: ئەو منداڵانەی لە نێوان (1/1/2021 تا 31/12/2021) لەدایکبوون.
پۆلی یەکی بنەڕەتی:
تەنیا ئەو قوتابیانەی دەگرێتەوە کە لە نێوان (1/1/2020 تا 31/12/2020) لەدایکبوون.
تۆمارکردن لە سیستەمی "E-parwarda":
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە تاوەکو ڕێکەوتی 20/8/2026 سەرجەم پۆلەکان جیا بکرێنەوە و ناوی منداڵان و خوێندکاران لە سیستەمی ئەلیکترۆنی (E-parwarda) تۆمار بکرێن. هەروەها، ڕێکەوتی 6/9/2026 وەک دوا مۆڵەت بۆ دابەشکردنی بەشەوانەی مامۆستایان و جێگیرکردنی خشتەی خوێندن دیاریکراوە.
سەبارەت بە وەرگرتن لە پەیمانگاکان، لە نووسراوەکەدا هاتووە کە وەرگرتن بەگوێرەی ڕێنماییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان دەبێت، بەڵام بۆ ئەو پەیمانگە پیشەییانەی کە بە سیستەمی ئینگلیزی دەخوێنن، پێشکەشکردن تەنها بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت.
ئەم بڕیارانە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران و خوێندنی کوردی لە کەرکوک) دەگرێتەوە.